'پەپولەی ئازادیی' ژیان و تێکۆشانی شیرین عەلەمهولی بڵاودەکرێتەوە

ژیان و تێکۆشانی شەهید شیرین عەلەمهولی کرا بە ڕۆمانێک و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی قەندیل چاپ و بڵاودەکرێتەوە.


'پەپولەی ئازادیی'، ڕۆمانێکە و لە کەشوهەوای سەخت و خنکێنەری بەندیخانەدا بە پینووسی ئەحمەد بلوکی نووسراوە و باس لە ژیان و تێکۆشانی شیرین عەلەمهولی دەکات.

نووسەری ڕۆمانەکە، خەڵکی گوندی بلۆکی سەر بە پارێزگای مێردین-ی باکوری کوردستانە و بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لە بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورک-دایە، ڕۆمانەکەش لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی قەندیل چاپ دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە.

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا.

لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هەڤاڵانی لە زیندانی ئەوینی تاران (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.

 

ش.ف