پەیامی توێژە جیاوازەکانی هەولێر لە ٨ی ئازاردا

توێژە جیاوازەکانی هەولێر پیرۆزبایی ٨ی ئازار لە ژنانی جیهان دەکەن و هیوا دەخوازن تەنیا لەو ڕۆژەدا باس لە مافەکانی ژنان نەکرێت، بەڵکو تێکۆشانی ژنان بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و یەکسانیی یەک بخرێت و بڵندتر بکرێت.


ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ژنانە، توێژە جیاوازەکانی شاری هەولێر-یش سەبارەت بەو ڕۆژە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئاڤان جاف، ڕۆژنامەنووس، ئاماژە بە گرنگیی خەباتی ژن دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی، دادپەروەریی و گەیشتن بە کەنارێکی ئارام بۆ ژیان، بە پێویستیشی دەزانێت، بەردەوامیی بەو خەباتانە بدرێت، بکرێت بە خەباتی هاوبەش، نەک تەنیا هەشتی مارس، بەڵکو بەردەوام بۆ بەدەستێهانی مافەکانیان، ژنان تێبکۆشن.

ئاڤان، جەخت دەکاتەوە، کە ئەو  ئەركە بە تەنها نابێت ڕێكخروەكانی ژنان بیكەن "پێویستە هەموومان پێكەوە ئەنجامی بدەین".

نیگار سەلامی، شێوەکارێکی شاری هەولێرە و پیرۆزبایی ٨ی ئازار لە ژنان دەکات، پێشیوایە، ئەو ڕۆژە تەنیا پیرۆزباییکردن نییە، بەڵکو پێویستە ژنان بیر لەوە بکەنەوە چی بۆ ژنان کراوە و دەبێت چی بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و چۆن لەسەر پێی خۆیان بووەستن.

کۆسرەت ئەحمەد، نووسەر، دوای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، نیگەرانیی نیشان دەدات، لەوەی تەنها لەو ڕۆژەدا باس لە مافەکانی ژنان دەکرێت، هەروەها، کارێک نەکراوە، کە ٨ی ئازار بەباشیی بناسێندرێت و تەنانەت ژنان لە واتای ئەو ڕۆژە نەگەشتوون.

هاوكار فازڵ، شانۆكارێکی شارەکەیە و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە تەواوی ژنان دەکات، بەتایبەت ژنانی شەڕڤان و هیوا دەخوازێت بگەن بەو ئامانجانەی، کە لەپێناویدا تێدەکۆشن.

٨ی ئازار چییە؟

جیاوازیی ڕەگەزیی، هەلومەرجی دژوار، کاری زۆر و هەقدەستی کەمی کرێکارانی ژن، لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی، ژنانی ناچار کرد ناڕەزایی دەرببڕن و خەبات بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی بکەن، هەربۆیە لە ٨ی ئازاری ١٨٥٧ ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا، بە چالاکیی مانگرتن ناڕەزاییان نیشاندا.

بیرەوەریی مانگرتنەکەی ساڵی ١٨٥٧لای کرێکارانی کارگەی ڕستن و چنین مایەوە و دوای نیوسەدە و لە ٨ی ئازاری ١٩٠٨ ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆرک وەک یادکردنەوەی ئەو چالاکییە و بە هەمان داواکاریی دەستیان بە مانگرتن کرد، خاوەنکار و پاسەوانەکانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن پێشگرتن لە گشتگیربوونی مانگرتن لە ناو بەشەکانی تر، ژنە مانگرتووەکانیان دەستبەسەر کرد، دواتر بە هۆکارێکی نەزاندراو ئاگر لە کارگەکە کەوتەوە، بەو هۆیەشەوە ١٢٩ ژن لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەستدا.

ساڵی ١٩١٠ لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی سۆسیالست، کە بە بەشداریی ١٠٠ ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە و بە سەرپەرشتی ژنە سۆسیالستیی ئەڵمانی کلارا زکتین لە کۆبنهاگن بەڕێوەچوو، پیشنیارکرا ڕۆژێکی جیهانیی بۆ ژنان و بەرگرییکردن لە مافەکانیان دیاریی بکرێت و سەرئەنجام ٨ی ئازار بۆ ئەو ڕۆژە دەستنیشان کرا.

ش.ف