پەیامی ژنان بۆ ٢٥ نۆڤەمبەر

بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ژنان ڕایدەگەیەنن کە کاتی ئەوە هاتووە کە بە ئیرادەوە لە دژی هەموو توندوتیژییەکان بوەستنەوە و بە هەموو چەوساندنەوەکان بڵێن ئیدی بەسە.


بەبۆنەی ٢٥ نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژیی دژی ژنان، ژنانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

دایە گەلاوێژ وەک خۆی وتی، داوا لە هەموو ژنان بە گەنج و پیرەوە دەکات، کە "بێن بە بەدەم بانگەوازییەکانی ٢٥ نۆڤەمبەرەوە کە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە بەرامبەر بە هەموو ژنانی دونیا، ئەگەرچی بە داخەوە نەک هەر ئەم ڕۆژە وەک مێژوویەک بۆ کوشتنی ژنان بەناو کراوە، ئەویش لە پێناوی کارکردنی ژنان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان، بەڵکو تا ئێستاش توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان بەردەوامی هەیە.

دایە گەلاوێژ، ئەوەشی وت: ژنان لە هەموو شوێنێکدا بوونەتە خۆراکی پیاوسالاری، بۆیە داوا دەکەم خۆیان بە ئیرادەی خۆیان لەو قاڵبە بێنە دەرەوە و خۆیان ئازاد بکەن.

هەروەها سروە جەوهەر دەڵێت: بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، سەرەڕای کلتور، ئایین، نەتەوە و شوێنی جوگرافی، ژنان توندوتیژییان بەرامبەر کراوەو دەکرێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە لە بەرامبەر ئەو چەوساندنەوە بەردەوامە ڕاچەڵەکێین، ئەگەریش بە ئاگا هاتنەوەی ژنان تا ئاستێکی زۆریش نەبێت، بەڵام هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ژنان دەبێت بێنە مەیدانەکان و بوونی خۆیان بسەلمێنن و لە بەرامبەر زوڵم و چەوساندنەوەی داب و نەریت و هەموو لایەنەکانی دیکە بڵین ئیدی بەسە.

س.ح