چارۆکەی پشتی گەریلا بووەتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی ژنان

چارۆکەی پشتی ژنانی گەریلا بووەتە ناونیشانی ناوەندێکی ژنان، کە بەرهەمە هونەریی و دەستییەکانی خۆیانی تێدا نمایش دەکەن پەیوەندییەکانیشیان زیاتر پتەو دەکەن.


پاشوێڵ، کە بەواتای چارۆکەی پشتی ژنانی گەریلا دێت، لە لایەن شاناز جەمال، بە مەبەستی کۆکردنەوەی ژنان و ڕەخساندنی هەلی کار و دەرفەتێک بۆ نیشاندانی بەرهەمی ژنان ماوەی زیاتر لە دوومانگ دەبێت لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی دامەزراوە.

کاتێک لە دەروە دەڕوانیتە ناوەندی پاشوێڵ، ئەوا بە ماڵێکی ئاسایی دێتە پێش چاوت، بەڵام کە دەکەویتە ناو حەوشەی ئەو ماڵەوە، وێنایەکی جوان و ئاڵوواڵ لە چاوانتا دروست دەبێت، تابلۆییەک تێکەڵاو لە ڕەنگ، سەوزایی دار و گوڵ و کەرەستە سادەکان.

ناوەندەکە پێکهاتووە لە چەند ژوورێک و زیاتر لە ١٢ ژن کاری تێدا دەکەن، لە هەر یەک لەو ژوورانەدا ژنان کاری بەرگدووریی، جوانکاریی ناوماڵ و دروستکردنی جانتا ئەنجام دەدەن و لە سەر دیوار و گۆشە وکەنارەکانیش بەرهەمەکانیان نمایش کردووە.

لە هەر سووچێکی ئەو ماڵەدا دەستڕەنگینی و لێهاتووی ژنێک ڕەنگ دەداتەوە، کە بە هەست و سۆز و جوانییەکانی ناو خەیاڵی دروستکراون، لە ژووری یەکەمدا مێخەک وموورووی کۆن و خشڵی ژنان دروستکراوە، هەروەها مێزێک بە کەرەستەکانی شەوی خەنەبەندانی بووک ڕازێندراوەتەوە و هەر یەک لەو کارانە سیمایەکی جوانی بەو شوێنە بەخشیوە.

شاجوان جەزا ، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندەکەیە، دەرچووی بەشی کۆلێژی هونەرە و ماوەی سێ ساڵە خوێندنی تەواو کردووە، ئەو بە کێشانی تابلۆ و نەخشاندنی وێنە لە سەر بەرد و جلوبەرگی کوردیی بەشداریی کردووە و بووە بە ئەندامی پاشوێڵ.

سەبارەت بە کارەکانی، شاجوان بە ڕۆژنیوزی وت: من بەپێی خواستی موشتەریی و ئەوەی، کە لە خەیاڵمە بە کارەکانمەوە سەرقاڵ دەبم و بە وردیی کاریان لەسەر دەکەم.

شاجوان، کارەکانی خۆی زۆر خۆش دەوێت و وتی: بە ئیحساسێکی زۆرەوە سەیریان دەکەم، چونکە ڕەنجم داوە بۆ دروستکردنیان.

ئەو ژنانە بەشێکیان بەشێکیان لە ناوەندەکە دەمێننەوە و بەشێکی تریشیان جار جار سەردان دەکەن و بەرهەمەکانیان لەوەێ داناوە و خاوەن پرۆژەکە بۆیان دەفرۆشێت، لەبەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەک بە خاوەن پڕۆژەکە، داهاتی بەرهەمەکانیشیان بۆ خۆیان هەڵدەگرنەوە.

جگە لە ژوورەکان لە حەوشەی ناوەندەکەدا کافتریایەک هەیە، هاوڵاتیان دەتوانن هەم بۆ کڕینی بەرهەمەکان و هەمیش بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی تێبکەن.

بیرۆکە و دروستکردنی پڕۆژەیەکی وا کە بەشێک لە ژنان لە بێکاری و بێزاریی ڕزگار دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ شاناز جەمال، کە لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانجی سەرەکی من هێنانە لای یەکی ژنانە، چونکە لە ئێستادا بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مەودایەک لە نێوان هەموواندا  دروستبووە، منیش دەمەوێت بەم ڕێگایە کلتوری کۆن زیندوو بکەمەوە، ئەمە جگەلەوەی دەبێتەهۆی ئەوەی ژنان پشت بە کار و بەرهەمی خۆیان ببەستن و ببنە خاوەن ئابووریی خۆیان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی پاشوێڵ، شاناز، وتی: ئەو ناوەم لە خۆشەویستی ژنانی قەندیلەوە لێناوە، چونکە بە واتای کۆڵەپشتی ئەو ژنانە دێت، کە ئاوێنە و شانە و شتە تایبەتەکانی خۆیانی تێدایە.

ش.ف