"چالاکییەکەی شەهید ڤیان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی بوو"

لە شارۆچکەی ڕانیە بە مەراسیمێک یادی شەهید ڤیان کرایەوە و ئاماژە بۆ ئەوە کرا، کە چالاکییەکەی شەهید ڤیان دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بوو.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەرین، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، یادی لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف کرایەوە.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا زیلان موسا، ئەندامی کۆمیتەی ژنانی باشور بۆ هەڵمەتی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجالان، لێدوانی کۆمیتەکەی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: چالاکیە گیانبازییەکەی هەڤاڵ ڤیان لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیریی و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی گەلی کورد و ژنان ئەنجامیدا.

ئەوەش هاتبوو: لە باشوری کوردستان ڕێگەگرتن لە چالاکیە دیموکراتییەکان و ئاستەنگکردنی هەموو جۆرە چالاکییەکی نەتەوەیی و دیموکراتی، بە واتای پشتگیریکردنی دەسەڵاتی فاشیزم و دژایەتیکردنی تەواوی نرخەکانی شۆڕشە. 

ئاماژە بەوەش کرابوو: ڕۆحی سەرهەڵدان لە دژی فاشیزمی تورک تا ئێستاش بەردەوامە و گەلی بە هەڵوێستی شیلادزێ جارێکیتر سەلماندیان کە داگیرکاریی قبوڵ ناکەن، وێڕای پیرۆزبایمان لە خەڵکی شیلادزێ و تەواوی چالاکوانان، داوا لە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەکەین پشتگیریی سەرهەڵدانی شیلادزێ بکەن.

لە کۆتایدا بە نمایشکردنی بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ڤیان و بە دروشمی "شەهید نامرن، ژن ژیان ئازادی"، کۆتایی بە یادەکە هات.


ک.ک