چالاکیی دایکان دژی گەمارۆی سەر مەخمور بەردەوامە

ماوەی ٥٣ ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، لەدژی ئەو گەمارۆیەش دایکانی ئاشتیی مەخمور لەبەردەم بازگەی ئاسایشی پارتی ماوەی هەشت ڕۆژە دەستیان بە چالاکیی دانیشتن کردووە.


دایکانی ئاشتی مەخمور، ماوەی هەشت ڕۆژە لەبەردەم بازگەی ئاسایشی پارتی لە نێوان هەولێر و مەخمور، دژی ئەو گەمارۆیەی ٥٣ ڕۆژە خراوەتەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، دەستیان بە چالاکی کردووە و سەرەڕای دۆخی دژواریان پێداگرن لەسەر چالاکییەکەیان.

لەیلا ئارزۆ ئیلهان هاوسەرۆکی شارەوانیی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، کە خۆیشی لەناو چالاکیی دایکانی ئاشتیدایە، لەسەر بابەتەکە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: ئەو دایکانەی لە مەیدانی بەرخۆدانن، بە هێز، کلتور و چالاکیی خۆیان ڕەسەنایەتی ژن دەپارێزن، وشەی دایک لە "دا"ـوە دێت و دەتوانێت هەموو شتێکی خۆی فیدا بکات، دایک ئافرێنەر و بەرهەمهێنەرە، بە ڕەنجی خۆی ڕاستییەکانی ژیان دەنەخشێنێت، لە کلتوری نیۆلۆتیکیشدا دایک بە رەنجی خۆی زمان، کلتور، ژیان و هەبوونی خولقاندووە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دایک مرۆڤەکانی کۆکردووەتەوە و کۆمەڵگاییبوونی دروستکردووە.

ئیلهان لە بەردەوامی قسەکانیدا، وتی: ژنانی پەنابەر هەموو خولەکەکانی ژیانیاندا بە بەرهەمهێنان، خولقاندن و دامەزراندن بەسەر بردووە، کۆمەڵگا چاوەڕێی ئەوەیە کە بە ڕەنجی دەستی دایکان ئاستتەنگییەکانی بەردەم کۆمەڵگا نەمینێت، ئەمە ٥٣ ڕۆژە گەمارۆێکی نادادپەروەرانە لەسەر مەخمور بەڕێوە دەبرێت، دوو منداڵی نۆمانگان لە سکی دوو دایک بەهۆی گەمارۆکانی پارتییەوە گیانیان لەدەستدا، ژن چەندە لەلایەن دەسەڵاتەوە زۆڵمی لێبکرێت، ئەوەندەش بۆ کۆمەڵگا هیوا دروست دەکات.

ئیلهان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو ژنانەی ماوەی هەشت ڕۆژە لەدژی ئەو گەمارۆە بەرخۆدان دەکەن هەر خولەکێکیان بە خولقاندنی ڕاستی ژن تێپەڕاندووە، زۆر کەس دەڵێن ئێمە ناتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام با باش بزانن کە ژنان ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن.

س.ح