چیرۆکی ژنێک کە بەهۆی قبوڵنەکردنی دەستدرێژیی کارەکەی لەدەست دەدات

لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە ژنان لە شوێنی کارکردن ڕووبەڕووی مامەڵەی نەشیاو و دەستدرێژیی دەبنەوە، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا یەکێک لەو ژنانە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە بەو هۆیەوە وازی لە کارەکەی هێناوە.  


ئینتەرنیوز، ڕێکخروێکی نێودەوڵەتییە و کار بۆ بەتواناکردنی خەڵک دەکات لەڕێگای بەرنامە و ڕاپۆرتی تایبەتەوە، لەچوارچێوەی پرۆژەی "دەنگەکانی ژنان" بەرنامەیەکی تایبەتی ئامادەکردووە و لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە بڵاودەبێتەوە، ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە بەرنگاربوونەوەی ئەو هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییانەیە، کە پەڵەی شەرم دەلکێنن بە ڕزگاربوانی توندوتیژییەوە.

بەرنامەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس ئاواز سەلیم-وە پیشکەش دەکرێت و تیایدا، س.ع، کە یەکێک لەو ژنە گەنجانەیە لە شوێنی کارەکەی ڕووبەڕووی گێچەڵ بووەتەوە لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی دەستدرێژیی خاوەن کارەکەی قبوڵ نەکردووە، هەڵسوکەوتی لەبەرامبەردا گۆڕاوە، بەو هۆیەشەوە س.غ کارەکەی بەجێهێشتووە، بەڵام سکاڵای لەدژ تۆمارنەکردووە و ڕێگای داوە بە بێدەنگیی تێبپەڕێت.

هەر لە بەرنامەکەدا، هانا شوان، چالاکی بواری مافەکانی ژنان بەشدارە و بە مەیدانیی ڕاپۆرتی لەسەر دۆخی ژنانی کرێکار ئامادە کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، کە یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە، زۆربەی خاوەن کارەکان پیاون، تایبەتمەندییەکانی ژنان لەبەرچاوناگرن، بەنمونە کاتێک ژن دەکەونە سوڕی مانگانەوە، پێویستە لەو ڕۆژانە پشوو وەربگرن، بەڵام خاوەن کار ڕەچاوی ئەمە ناکات و ئاما دەنییە کرێکارەکە لە پشوودا بێت و پارەی بداتێ.

هانا شوان، باس لەوەش دەکات، کە لە بەدوادچوونەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، خاوەن کار زۆر جار وشەی جنێوئامێز لەبەرامبەر ژنان-دا بەکار دەهێنێت و هەوڵدان بۆ لێدان و دەستدرێژیی جنسییش هەبووە.

گرفتێکی دیکە، کە هانا شوان باسیکرد، نەبوونی گرێبەستی کارە، بەمەش خاوەن کار کەی ویستیی دەتوانێت کرێکار لە کارەکەی دووربخاتەوە، بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵدا بکرێت.

هەروەها، محەمەد گۆمەشینی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە ئاگاداریی ئەوان لەسەر دەستدرێژیی سەر ژنان لە شوێنی کار، وەڵامی پێشکەشکار دەداتەوە و دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی دەبنەوە، تایبەت ژنانی بیانیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەیسێکی کۆمەڵایەتییە و ژنان دەترسن سکاڵا بگەیەننە لای لایەنی پەیوەندیدار، بۆیە ئەم کەیسە زۆر جار بە نهێنیی دەمێنێتەوە.

گۆمەشینیی، وتیشی: ئەم حاڵەتانە پێیان دەوترێت کەیسی تاریک و ناتوانین هیچ داتایەک کۆبکەینەوە، چونکە ژنان سکاڵا تۆمار ناکەن، لە ترسی ناوڕزاندنی خۆیان، ترس لە کەسوکار و دەرکردنیان لە شوێنی کار، بە نهێنیی دەیهێڵنەوە، ئەگەر سکاڵاش تۆمار بکات، لە دادگا پێویستیی بە شاهیدیی دان و بینینە.

هەر لەم بەرنامەیەدا، بۆچوونی خاوەن کارێک وەرگیراوە و هۆکاری وەرگرتنی ژنان لە ناوەندەکانی کارکردندا دەگەڕێنێتەوە بۆ وردیی و جدییبوونیان لە کارکردندا.

نەشیشاردەوە، کە زۆربەی خاوەن کار بۆ زیادکردنی فرۆش کار دەدەن بە ژن و گرنگیی بە ڕووخساری ژن دەدەن و وەک کاڵا بازرگانییان پێوە دەکەن، بە پێویستیشی دەزانێت، ژنان خۆیان قبوڵی ئەو هەڵسوکەوتە نەکەن و ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

ش.ف