چیرۆکە نەبیستراوەکانی ماڵی داڵدەدانی ژنان

"٢٥ ساڵە لێدان ئەخۆم"، ئەمە وتەی یەکێک لە ژنانی ناو ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراوە. ئەو لە تەمەنی ١٤ ساڵییدا، ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا، هاوسەرگیریی پێکرا؛ بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لەژێر ئەشکەنجەی هاوسەرەکەیدابووە. سەرئەنجام نەفرەتی لەو ژیانە کرد و بە ئامانجی گەیشتن بە ژیانێکی دوور لە توندوتیژیی ڕووی لە ماڵێکی دیکە کرد.


ماڵی داڵدەدانی ژنان، شوێنی کاتیین بۆ داڵدەدان و پاراستنی ئەو ژنانەی، کە ڕووبەرووی هەڕەشە دەبنەوە و پێویستیان به‌ پاراستنی ژیانیان هه‌یه‌. دوای چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانیشیان، سودمه‌ندان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ جێگه‌ی خۆیان.

چی لەناو ماڵی داڵدەدانی ژناندا دەگوزەرێت؟ ژیان لەوێ چۆنە؟ ئەگەر ڕۆژێک مەترسیی لەسەر ژیانم دروستبوو، دەبێت ئەو ماڵە شوێنێکبێت بۆ پاراستنم هانای بۆ ببەم؟، ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە ڕەنگە بە خەیاڵی زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگاکەمدا هاتبێت، بەتایبەت ئەگەر ژن بیت و ڕۆژنامەنووس بیت، بۆیە بینینی ئەو ماڵانە بۆ من بوو بە مەراقێکی گەورە.

گەشتێک بۆ ماڵی داڵدەدانی ژنان

بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەڕێکەوتین بۆ ئەو ماڵەی کە ماوەیەکی زۆرە داوای بینینی دەکەم، تا سەرئەنجام لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانییەوە داواکارییەکەم پەسەند کرا و گەشتێک بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس ڕێکخرا. به‌ڵام بە بیانووی نەبوونی دەرفەت، تەنیا یەکێک لە هاوپیشەکانم ئامادەی گەشتەکەبوو.

گەیشتینە ماڵە نهێنییەکە (ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لە سلێمانی)؛ ئەو ماڵە نەک تەنیا خۆی نهێنییە، نهێنیی سەدان ژنیشی لەناو خۆیدا حەشارداوە. بەڕێوبەر و کارمەند و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازییان لێکردین، یەک بەیەکی ژوورەکانیان نیشانداین، باسی هەستیاریی شوێنەکەیان بۆ کردین، ئێمەش بەڵێنمان دا ئەو هەستیارییانە لەبەرچاوبگرین.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی لە پارێزگای سلێمانی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١١٠ ژن و ٣٠ منداڵ سودیان لە خزمەتگوزارییەکانی ماڵی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی وەرگرتووە، ٨٣ ژن ماڵەکەیان بەجێهێشتووە و ٢٧ ژن و ٤ منداڵیش تا کۆتایی مانگی شەش لەو ماڵەدا ماونەتەوە، ئەو ڕۆژەش کە ئێمە سەردانمان کرد، ٢٧ ژن و  یەک منداڵ لە ماڵەکدا بوون.

خۆی لە کراسەکەی دایکی ئاڵاندبوو

بەناو ژوورەکانی ناو بیناکەدا گەڕاین، چووینە هۆڵی وەرشە، لەوکاتەدا خولێکی دروومان و چنینی تێدا بەڕێوەدەچوو، سەرنجی کار و ئەو نەخشەمان دەدا، کە سودمەندەکان لەسەر پارچە پەڕۆکان دەیان نەخشاند. ئەوەی لە هەموویان سەرنجڕاکێشتربوو، ئەو منداڵە  دوو ساڵە بوو، کە خۆی لە کراسەکەی دایکی ئاڵاندبوو، وەک ئەوەی هێشتا دیمەنی باوکی لەبەرچاوبێت، کاتێک پەلاماری دایکی دەدا و بیەوێت بەو شێوازە خۆی و دایکی بپارێزێت، دایکیشی خەریکبوو لەگەڵ دوورینی پارچەیەک پۆشاکدا، خەمی خۆی و منداڵەکەی و ژنانی هاوڕێی دەهۆندەوە.

پاشان چووینە هۆڵی نانخواردنەکەوە و لەگەڵ نان خواردندا، سوودمەندەکانمان دەدواند. بەپێچەوانەی ئەوەی کە پێموابوو ڕەنگە زۆر بەزەحمەت باسی کەیسەکانیانمان بۆ بکەن، هەر ئەوەندەی خۆمان ناساند، هەریەکە و بەجیا دەیویست خەمەکانی لەگەڵ ئێمەدا بەش بکات و دەردەدڵمان بۆ بکات.

خیانەتی لێدەکرد و ئەشکەنجەی دەدا

یەکێک لەو ژنانە، لە دەست ئەشکەنجەی هاوسەرەکەی هەڵهاتبوو، زۆرترین کێشەشیان لەسەر خیانەتی هاوسەرگیریی و ئەو دەستدرێژییە جنسییانە‌ بووە، کە بەردەوام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، تا ناچار ماڵی بەجێهێشت و ڕووی لە ماڵی داڵدەدان کرد.

٨ ساڵە لە ماڵی داڵدەداندایە

هەندێکیان ماندووێتییان لێدەتکا، ساڵانێکی زۆربوو لەو ماڵەدابوون و هێشتا کێشەکانیان چارەسەر نەبووبوو، یان چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرا. یەکێک لەوانە سایە بوو، کە نزیکەی هەشت ساڵە لەو ماڵەدایە و ئێستا کۆنترین سودمەندی ماڵەکەیە، ئەو لە تەمەنی ١٢ ساڵییدا بێ ویستی خۆی هاوسەرگیریی پێکراوە، دوای ئەوەی، کە لە مردن ڕزگاری دەبێت، دەبرێتە ماڵی داڵدەدان و لەوێ چارەسەر دەکرێت. کاتێک لێمپرسی بۆچی لەو تەمەنەدا هاوسەرگیرییت کردووە، ئایا بە خواستی خۆت بوو؟ ده‌ستبه‌جێ وتی"نە بەخوا، من نەمدەویست" پاشان، وتم چیرۆکەکەی تۆ چییە بۆ هاتیتە ئێرە؟ وەک ئەوەی گێڕانەوەی چه‌ندین ساڵی تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ئەم چیرۆکەدا نەیتوانیبێت شێوەی منداڵەکانی لەبەرچاو ون بکات، وتی"وازی لێبێنە، با هەر لە دڵی خۆمدا بێت"، ئیدی من وازم لێهێنا و لەگەڵ سودمەندەکانی دیکە دەستم بە گفتوگۆ کرد. بەڵام سایه‌ خۆی نەگرت و بە ئومێدی سوکبوونی خەمەکانی، ڕووی لە ڕۆژنامەنووسەکەی هاوڕێم کرد و چیرۆکی خۆی بەیان کرد.

سودمەندان بەگشتیی لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان و مامەڵەی کارمەندەکانی ناو ئەو ماڵە ڕازییبوون، بەڵام ئەوێ هەرگیز نابێت بە ماڵێکی ئاسایی، "لێرە شێت عاقڵ دەبێت و عاقڵ شێت دەبێت" ئەمە وتەی یەکێک لە سودمەندەکان بوو، کە تەمەنی تەنیا ٢١ ساڵ بوو و چەند ڕۆژێکی کەم بوو ڕووی لە ماڵەکە کردبوو. ئه‌و هێشتا بەو ژیانە ڕانەهاتبوو، دەیویست هەرچی زووە لەگەڵ خۆشەویستەکەی هاوسەرگیریی بکات و ئیتر هەرگیز نە ئەو ماڵەی، کە بەردەوام لەلایەن مامەکانییەوە ئەشکەنجە دەدرا و نە ماڵی داڵدەدان ببینێته‌وه‌.

کەسوکارەکەی حاشایان لێکرد

چیرۆکەکانی ماڵەکە جۆراوجۆرن، سۆز تەنیا لەبەر ئەوەی ٨ مانگ پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ پیاوێکدا هەبووە، حاشای لێکراوە و ساڵێک و دوو مانگە لەو ماڵەدایە و کەسوکاری تەنانەت سەردانیشی ناکەن.

یەکلابوونەوەی کەیسەکان دوادەکەوێت

سودمەندەکان گلەییان لە دواکەوتنی یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان هەبوو لە دادگا، لە بەرامبەریشدا ناز میرزا، کە ٢٤ساڵ لە دادگای سلێمانی دادوەر بووە، ئەو وتانەی پشتڕاستکردەوە و وتی: کارەکان تەنیا لای دادوەر درەنگ ناکەون، هەندێک جار کەیسەکە پێویستی بە شایه‌تحاڵه‌ و شایه‌تحاڵیش ئامادە نییە، یان لایەنی بەرامبەر نادۆزرێتەوە، یان پۆلیس درەنگ لیکۆڵینەوە دەکات، ئەمە زنجیرەیەکی پێکەوە گرێدراون و کات زۆر دەبات.

هەندێک جار وەڵامی دادوەر لەناو ماڵی داڵدەدانیشدا زیاتر دوادەخرێت و بە سودمەندەکە ناوترێت. شیلان عه‌بدوڵا، بەڕێوەبەری ماڵی داڵدەدانی ژنان/ سلێمانی، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە لەو حاڵەتانەدا بڕیاری دادوەر لە بەرژەوەندیی سودمەندەکاندا نییە، بۆیە بە خۆیان ناڵێن تا نائومێد نەبن و داوا لە دادوەر دەکەین، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات.

بەشێک له‌ سودمه‌نده‌كان ده‌ڵێن "توێژەرەکان وەک پێویست گوێمان لێناگرن و ڕێنماییمان ناکەن" لە وەڵامیشدا شیلان وتی: توێژەر هاوکارن، بەڵام تەنیا حەوت توێژەرمان هەیە، هەندێکجار توێژەرێك ١٠ کەیسی هەیە، بەردەوام بەدواداچوون دەکات، قسە لەگەڵ کەسوکار و پارێزەر و دادوەر دەکات، بۆیه‌ ناتوانێت ڕۆژانە قسە بۆ سودمەندەکان بکات.

بێ بڕیاری دادوەر نابرێنە دەرەوە

ئەو ژنانەی لە ماڵی داڵدەداندان، هەر وەک چۆن بە بڕیاری دادوەر دەبرێنە ماڵەکە، تەنیا بە بڕیاری دادوەر و بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ دەبرێنە دەرەوە بۆ نەخۆشخانە، بینینی کەسوکاریان لە شوێنێکی تایبەت، یان بۆ دادگا، بەدەر لەوە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بە چوونە دەرەوەیان نادرێت، تا ئەوکاتەی کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.

پۆلێنکاریی نییە

لەناو ماڵی داڵدەداندا پۆلێنکاریی نییە، نە بەپێی تەمەن و نە بەپێی جۆری کێشەکە، هەموویان لە یەک شوێندا کۆبوونەتەوە، تەنیا ئەو ژنانەشی تێدا ناژی، کە هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵکو هەندێکیان بێلانەن، هیچ کەس لەخۆیان ناگرێت و دادوەر ڕەوانەی ماڵی داڵدەدانیان دەکات.

هەندێک جار ژنانێک دەبرێنە ماڵی داڵدەدان، کە پێشتر بە تاوانی لەشفرۆشیی لە چاکسازییەکاندا زیندانیی کراون، دوای تەواوبوونی سزاکەی، دادوەر ڕەوانەی ماڵەکەیان دەکات، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی ماڵەکەوە بە مەترسیی ناودەبرا و بە یەکێک لە بڕیارە خراپەکانی دادوەری دەزانن.

لەوبارەیەوە ناز میرزا، وتی: ئەو ژنانە دوای تەواوبوونی حوکمەکەیان هیچ ماڵێکیان نییە بۆی بڕۆن، دادوەر بە ناچاریی ڕەوانەی ئەوێیان دەکات، لە بنەڕەتدا دەبێت وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی شوێنی تایبەتیان بۆ دابین بکات، چەندین جار داوامان کردووە، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتووین.

عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی لە سلێمانی، بڕیارەکەی دادگا بۆ ناردنی ئەو ژنانەی، کە هەڕەشە لەسەر ژیانیان نییە بۆ ماڵی داڵدەدان، بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکان ناودەبات و وتی:"دادگا کێشەمان بۆ دروست دەکات".

گوڵپی، هاوڕابوو لەسەر ئەوەی، کە پێویستە ماڵێک هەبێت بۆ ژنانی بێلانە، بەڵام بە زەحمەتی زانی حکومەت ئەو ماڵە دروست بکات و وتی:"لەکاتێکدا کە دۆخی دارایی باش بوو نەکراوە، ئێستا هەر زۆر ئاستەمە".

سەرەڕای هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە سودمەندان دەکرێت، بینای ماڵی داڵدەدان کەموکورتیی هەیە و بەهەمان شێوەی سیستمی ئەو ماڵانە دروست نەکراوە، کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەن، هەرچەندە داوای دروستکردنی بینای نوێ کراوە، بەڵام بە وتەی عومەر گوڵپی، لە ئێستادا ئاستەمە.

کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

لە ساڵی ٢٠١٣ وە بۆ ٢٠١٨ دوو ژن لەو ماڵەدا کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، یەکێک لەوانە (م. م)ی تەمەن ٢٦ ساڵ بوو، لە ساڵی ٢٠١٣ ئاگری لە جەستەی بەردا و گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش هۆکاری خۆکوشتنەکەی ڕوون نەبووەتەوە.

(ک. هـ .ک)، یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی لە ماڵی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی کۆتایی بە ژیانی هێنا، كه‌ تەمەنی ٢٦ ساڵ و خەڵکی گەرمیان بوو.

ک.هـ.ک ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ پیاوێک، پەیوەندیی دروست دەکات، بێ ئاگا لەوەی، کە ئەو پیاوە هاوسەری هەیە، لە بەردەوامیی پەیوەندییەکەدا ک.هـ.ک دووگیان دەبێت و ناچار دەبێت بۆ دایکی باس بکات، دایکەکەش لە ترسی باوک و خانەوادە دەڵێت "دەبێت لەگەڵ ئەو پیاوە هاوسەرگیریی بکەیت".

پیاوەکە بە ک.هـ.ک دەڵێت، 'ئەگەر منداڵەکە لەبار بەریت و بیکوژیت، هاوسەرگیریی دەکەین'، ک.هـ.ک و دایکیشی ناچاردەبن ئەو مەرجە قبوڵ بکەن، بەڵام پیاوەکە ڕێگا نادات ک.هـ.ک بچێتە نەخۆشخانە منداڵەکەی لەبارببات، پاش ئەوەی لای مامانێک منداڵەکە لەباردەبەن. پیاوەکە تەرمی منداڵەکە دەبات و دەیشارێتەوە، هیچ ڕێگایەک ناهێڵێتەوە تا ئەگەر کێشەیان کەوتە دادگا پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ بکرێت، ئیدی بابەتی هاوسەرگیرییش دادەخات.

خانەوادەکەی هەستیان پێکرد

خانەوادەکەی هەستیان پێکرد، ک.هـ.ک لە ترسی خانەوادەکەی دەچێتە ماڵی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی، دواتریش سکاڵا لەدژی پیاوەکە تۆماردەکات، پیاوەکە دەستگیردەکرێت و چەند مانگێک لە زینداندا دەمێنێتەوە، بەڵام پیاوەکە هەموو شوێنەوارەکانی تاوانەکانی لەناوبردووە، ک.هـ.ک ناتوانێت دەستدرێژیی سێکسیی پیاوەکە بسەلمێنێت، هەروەها ک.هـ.ک تەنیا یەک شایەتحاڵی هەبووە، کە دایکی خۆیەتی و مامانەکەش ئامادەنەبووە شاهیدیی بۆ بدات، بەگوێرەی یاسا-ش دوو ژن  بە یەک شاهید ئەژمار دەکرێن و یەک ژن بە شاهید ناگیرێت.

سەرئەنجام پیاوەکە بەو بەهانەیەی هیچ هۆکارێک بۆ سەلماندنی تاوانەکەی لە ئارادا نییە، ئازاد دەکرێت، بەو هۆیەوە ک.هـ.ک لە ڕووی دەروونییەوە دەڕوخێت و لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ماڵی داڵدەدان خۆی دەخنکێنێت.

لە هەرێمی کوردستان چوار ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو هەن، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیین و هەریەکەیان دەکەونە (سلێمانی، گەرمیان، هەولێر، دهۆک). هەروەها لە شاری سلێمانی ماڵێکی سەر بە ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان-یش هەیە، کە پێی دەوترێت لانەی ئارام، کە لە ئێستادا ٨ ژن و منداڵێکی تێدایە، لانەکە توانای وەرگرتنی کەسی دیکەی نییە. ماڵەکەی گەرمیانیش بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە، تەنیا ٧٢ کاتژمێر دەتوانێت هەڕەشەلێکراو لەخۆ بگرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکەی چارەسەر نەبوو، ئەوا ڕەوانەی ماڵەکەی سلێمانی دەکرێت.

هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن باوکیانه‌وه‌ دەستدرێژییان كراوه‌ته‌سه‌ر و هه‌ندێكی دیكه‌یانه هاوسەرەکانیان خیانەتی لێکردوون و ئەشکەنجەی داون؛ ئەمانە و سەدان جۆر چیرۆکی دیکە لەو ماڵەدا دەوترێتەوە بێ ئەوەی لە دەرەوە ببیسترێن.

چیرۆکەکان جۆراوجۆرن، ئێمە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە و دروستبوونی مەترسیی لەسەر ئەو ژنانە و ماڵەکە، ناتوانین بە وردیی بیانگێڕینەوە و هەر ناوێکیش کە بەکاری دێنین، خوازراوە.

 

ش.ف