ڕابیعە عەباس: ئەوەی توندوتیژیی بەرهەم دەهێنێت ئەقڵییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازییە

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، سیمینارێکیان لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلار، بۆ د. ڕابیعە عەباس ڕێکخست.


ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سەبارەت بە ۲٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک، سیمینارێکیان بۆ ڕابیعە عەباس ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان ڕێکخست.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا بەڵگە فیلمێک سەبارەت بە مێژوو و چۆنییەتی دیاریکردنی ڕۆژی ۲٥ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ژنان لە ڕێگای داتاشۆوە نیشاندرا.

دواتر ڕابیعە عەباس لە سیمینارەکەدا وتی: کاتێک سیستمی پیاو سالاری پەرەدەسێنێت لەناو کۆمەڵگادا، ئیدی ئەم ئەقڵیەتە دەبێتە ئەقڵیەتێک، کە خاوەنی زهنیەتێکی ڕەگەزگەرایە، واتا جیاکاری ڕەگەزی بە بنەما دەگرێت، جیاوازی لەنێوان نێر و مێ دروستدەکات، بنەمای توندوتیژی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک کە پیاو دەسەڵاتدار بێت، نەک تەنها ژن، بەڵکو تەواوی بونەوەرەکانی سەر زەوی ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و توندوتیژی دەبنەوە، ئەو ئەقڵیەتە هەم پیاو و هەم ژنیش دەکات بە توندوتیژ.

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کێشەی سەرەکی کۆمەڵگاکانی جیهان لەوەدایە کە پرسی ژن و توندوتیژی پیاو بەرامبەر ژنان بە پرسێکی ڕەگەزی تەماشا دەکەن، یاخوود بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەڵێن هۆرمۆنی پیاو هەر لە بنەڕەتدا تووندووتیژە و ژنیش ژێر دەستەو لاواز، کە ئەمەش دوورە لە ڕاستی و هەموو بەها و پێوانە مرۆییەکان، چونکە ژن و پیاو لەناو کۆمەڵگادا تەواوکەری یەکترن ئەوەی کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازییە، لەبەرامبەر ئەم ئەقڵیەتەش فکری ئازاد و ئەقڵیەتێک لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی بێت، دەبێتە وەڵامدەرەوە.

ئەوەشی وت: چارەسەریی بەڕێکخستنکردنی ژنان و چالاکی بەرامبەر هەر کردەوەیەکی توندوتیژییە، کە بەهەر جۆرێک لەسەر ژنێک لە هەر کۆمەڵگایەکدا دەکرێت، بۆ ئەوەی ژنان نیشانی بدەن کە لە هەموو کاتێکدا پشتیوانی یەکترن و خاوەن لە یەکتر دەردەکەون، پاشان خاڵی هەرە گرنگ هێزی پاراستنی ژنانە، ئێمە بینیمان ەک چۆن ژنان لە نەبوونی هێزێکی پاراستندا گەورەترین توندوتیژیان لەسەر ئەنجامدرا و لە بازاڕەکاندا بە کۆیلە فرۆشران، بەڵام لە تۆڵەی ئەو ژنانەدا ئەمڕۆ بە فکری ڕێبەر ئاپۆ لە شنگال گەورەترین هێزی پاراستنیان دروستکردووە.

د، ڕابیعە ئەوەشی وت: ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "هێزێکی پاراستنی ژن تەنها پارێزەری چەند بستێکی کوردستان نین، پێش ئەوە پارێزەری هەبوون و ئیرادەی ژنن بۆ ئەوەی ژن بە ئازادیی بژی".

هەروەها لە پەراوێزی سیمینارەکەدا پەرتووکی ژنۆلۆژی و پەرتووکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، نمایشکران.

 

ک.ک