ڕاگەیاندن دەکرێتە دەرەچەیەک بۆ لێدان لە ژن

لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان کراونەتە دەرەچەیەک بۆ لێدان لە پیرۆزییەکانی ژن و سوکایەتییپێکردنی، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، کە حزب ئەو ڕاگەیاندنانە ئاڕاستە دەکات، توێژەرێکیش ئەو بەرنامەنە بە هۆکاری دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت.


لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان ژنان تەنیا بە ٢٠٪ ئامادەییان لە ڕاگەیاندنەکاندا هەیە و کەمترین بەرنامە تایبەت کراون بە ژنان و پرسەکانیان، کە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن، کەچی لەو بەرنامانەشدا، ئەوەی نیگەرانییەکان زیاتر دەکات، لە بەشێک لەو بەرنامانەدا، کە گوایە تایبەتن بە ژنان، جارێکی دیکە لەلایەن پیاوان ئەو ژنانەی کە بە ڕووخسار ژنن و هەمان زهنیەتی پیاوسالارییان هەیە، هێرش دەکرێتەوە سەر ژن.

پێشکەشکاری بەرنامەکان ژنن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەندێک جار خودی ئەو ژنانە لە بەرامەکانیانەوە سوکایەتیی بە ژنان دەکەن، بەدەم سوکایەتییەکانی میوانی بەرنامەشەوە پێدەکەنن.

لەوبارەیەوە، بەناز حەمەڕەشید، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، وتی: لە ڕاگەیاندنەکاندا لایەنی جدیی پرسەکانی ژنان وەلانراوە، لە هەرێمی کوردستان بە دەیان کێشەی ژنان هەیە، بەڵام بایەخێکی ئەوتۆی پێنادرێت کە باسکردن و شیکردنەوە و دواتر دۆزینەوەی چارەسەری گرنگترین شتە.

بەناز، هۆکاری خراپیی ڕۆڵی ئەو راگەیاندنانەی لەسەر پرسەکانی ژنان گەڕاندەوە بۆ دابەشبوونیان بەسەر حزبەکاندا و وتی: ڕاگەیاندنەکان دابەش بوون بە سەر حزب و لایەنەکان و ئەوەی پاڵپشتی ئەو ڕاگەیاندنە دەکات ڕێڕەوەکەشی بۆ دەستنیشان دەکات.

دەبارەی ئەو ژنانەی کە خۆیان خستووەتە خزمەت سیستمێکی دژە ژنەوە، بەناز حەمەڕەشید وتی: دەکرێت بڵێین ژنانێک هەن وەک کاڵا نیشان دەدرێن و بەکاریان دەهێنن بۆ کۆکردنەوەی لایک و بینەرێکی زۆر، بۆیە خودی کەناڵەکە بەرپرسە، کە دەبێت لە خزمەتی هەمووان بێت.

هەروەها نازە شێروان، توێژەری کۆمەڵایەتیی و ئەندامی کۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان، ئاماژەی بە کاریگەریی ئەو بەرنامانە لەسەر کۆمەڵگا کرد و وتی: ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لە سەر تاکەکانی کۆمەڵگا و دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیی.

بە بۆچوونی نازە شێروان، ئەو کەناڵانە دەیانەوێت لەڕێگای ژنانەوە بینەر بۆ خۆیان ڕابکێشن و ڕەنگە ئەو کەسەش وەک ڕۆبۆتێک کارەکانی بکات و تێڕوانینە پیاوسالارییەکان دووبارە بکاتەوە.

ئەو ئەندامەی کۆبەندی ژنان دەتوانن-کوردستان، ڕەخنەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-یش گرت و وتی: ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا یاداشتێکمان پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی ئەم سوکایەتییانە لە ناو میدیاکاندا بوەستێنرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە و هەر ئەم گرنگی پێنەدانەشە ئەم کێشانە دەخوڵقێنێت.

یەکێک لەو بەرنامە تەلەفیزیۆنیانە لە ڕۆژانی ڕابردوو زۆرترین ڕەخنەی ئاڕاستە کراو کۆمەڵێک لە چالاکوان، مامۆستایانی زانکۆ و خەمخۆرانی پرسەکانی ژنان لەئێستادا هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان بۆ ڕاگرتنی بەرنامەکە، دەستپێکردووە.

ش.ف