ڕژاك بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر كۆمەڵكوژییەكەی كورتەك بڵاوكردەوە

ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان-ڕژاك بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر كۆمەڵكوژییەكەی 27ی حوزەیرانی كورتەك بڵاوكردەوە و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی توركی بۆسەر هاوڵاتیانی سڤیل و گوندنشینان شەرمەزاركرد.


لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە:"زۆربەتوندی هێرشی دڕندانەی حكومەتی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان  ڕسوا و شەرمەزار دەكەین بەتایبەتی بۆردومانكردن و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی گوندنشینان و شەهید بوونی هاوڵاتیان لەژنان و منداڵان و پیاوان لەهەمانكاتدا بێ دەنگ بوونی هێزە دەسەڵاتدارەكان و هاوكاریكردنی هێزی داگیركەری  توركیا لەلایەن  دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستانەوە شەرمەزار دەكەین".

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا باس لەوە كراوە، هێرشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان لەساڵی 1992وە دەستی پێكردووە و ڕۆژبەڕۆژ بنكە و بارەگای سەربازی و دەزگای سیخوڕی و هەواڵگیریان لە سەرتاسەری باشوری كوردستاندا  لەزیادبووندایە، تۆپبانكردن و شەهید كردنی هاوڵاتیانی گوندنشین و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لەڕۆژی 27ی حوزەیراندا  لە كورتەك و لە ئەنجامدا سێ‌ هاوڵاتی گوندی ئاشكوڵكان شەهید بوون وپێنج هاوڵاتیش برینداربوون، ئەم كۆمەڵكوژییە بەردوامی كۆمەڵكوژییەكانی  گوندی زارگەلێ و كورتەك و لێوژێ و كەندەكۆڵ و خەلیفانە كە هەتا ئێستا لە ئەنجامی تەواوی ئەو بۆردومانكردن و هێرشانەدا زیاد لە 100 هاوڵاتی گوندنشین بەمنداڵ و گەنج و پیرەوە شەهید بوون، ئاشكرایە  بێ دەنگ بوونی هێزو لایەنی دەسەڵاتدار بەواتا هاوبەش بوونیانە لەم تاوانانەدا .

لەكۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، هەرلە قەندیلە وە هەتا دەگاتە  خواكورك و هەتا دەگاتە كەركوك و خانەقین  لەلایەن شۆرشگێڕانەوە بەهێزترین  بەرخودانی بەڕێوە دەچێت، بەڵام  پێویستە شان بەشانی بەرخودانی چالاكی ناڕەزایی گەل و سەرهەڵدان لەدژی داگیركەرییەكان لە باشوری كوردستاندا بگاتە لوتكە و تەواوی بێ دەنگیەكان بشكێنین بەتایبەتی داوا لە هەموو ژنان  دەكەین لەبەرامبەر  بۆردومان و كۆمەڵكوژی گوندنشینان بێ دەنگ نەبین و بەچالاكی جەماوەری تەواوی هێرشەكانی داگیركەران بشكێنین و لێپرسینەوە لە داگیركەران  بكەین .

د.ح