ڕژاک ئیدانەی هێرشکردنە سەر دایکان دەکات

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ئیدانەی هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لە ئامەد و ئەستەنبوڵ، کە کردیانە سەر ژمارەیەک لە دایکان و کەسوکاری مانگرتووان، دەڵێن: ئەو هێرشانە دەرئەنجامی ترسی دەوڵەتە لە مانگرتنی ڕۆڵەکانی ئەو دایکانە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ئۆفیسی خۆیان لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر کەسوکار و دایکانی زیندانیانی مانگرتوو لە ئامەد و ئەستەنبوڵ ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی ڕژاک قسەیکرد و وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە، ئاماژەی بەوەکرد: ئەو هێرشەی کە دەوڵەتی تورک کردییە سەر دایکان، دەرەنجامی ئەو ترسەیە کە بەرامبەر مانگرتنی ڕۆڵەکانیان هەیانە لە زیندانەکاندا.

وتیشی: پشتگیریی خۆمان بۆ دایکانی ئاشتیی و بۆ لەیلا گوڤەن ڕادەگەیەنین، داواکاریی لەیلا گوڤەن و تەواوی مانگرتووان، داواکارییەکی ڕەوای گەلی کوردە، بۆیە داوا لە گەلی کورد و حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە بێدەنگ نەبن و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو چالاکییانە دەرببڕن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٣ی ئایار لە ئەستەنبوڵ و ڕۆژی ٥ی ئایاریش لە ئامەدی باکوری کوردستان، پۆلیسی تورک هێرشیانکردە سەر کەسوکار و دایکانی ئەو زیندانیانەی، کە لە زیندانەکانی تورکیا لەدژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.


ک.ک