ڕژاک: ساکینە جانسز ڕەمزی تێکۆشان و بەرخۆدانە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک لەسەر ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز ڕایگەیاند، ساکینە جانسز وەکو ڕەمزی تێکۆشان و بەرخۆدان دەبینین، قەدەغەکردنی فیلمێک لەسەر تێکۆشانی ساکینە جانسز بە هیچ شێوازێک قبووڵ ناکرێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک لێدوانێکی نوسراوی لەسەر ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

لە لێدوانەکەدا ڕژاک ڕایگەیاندووە: بە بۆنەی ئامادەکاری نمایشکردنی فیلمێک لەسەر بەرخۆدانی ساکینە جانسز لە زیندانی ئامەد لە سینەما سالم، کە بڕیار بوو ڕۆژی ١١ئەم مانگە نمایش بکرێت، هێزەکانی ئاسایش دەرگای سینەما سالمیان داخست، هاوکات لە کەلار و هۆڵی ڕۆشنبیری، ئاسایش بە نووسراوەیەکی فەرمی یادی شەهید ساکینە جانسز و دوو هەڤاڵی دیکەی، کە لە لایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سازکرا بوو  قەدەغە کرد.

ئەوەش هاتوە: ئەم کورتە فیلمە لەسەر ژیانی ساکینە جانسزە، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی PKK و بەرخۆدێرەکانی ١٤ی تەمووزە و بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لە ٩ی١ی٢٠١٣ لە پاریس شەهید کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە: تێکۆشانی ساکینە جانسز لە بەرامبەری فاشیزم و دەسەڵاتداری پیاوسالاری نموونەیەکی هەرە گەورە بوو و لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، نەک تەنیا ژنانی کورد، ژنانی ئامریکای لاتین تا هیندستان، لە ژنانی ئارژەنتینی تا ژنانی ئەورووپایی، ساکینە جانسز وەکو ڕەمزی تێکۆشان و بەرخۆدان دەبینن.

ڕژاک ئەوەش دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان لە شاری ڕۆشنبیری قەدەغەکردنی فیلمێک لەسەر تێکۆشانی ساکینە جانسز بە هیچ شێوازێک قبووڵ ناکرێت.

باس لەوەش کراوە: ئێمە بۆ خاوەنداریکردن لە نرخەکانمان لە هەموو گەل و تایبەت ژنان بانگ دەکەین، کە لە ڕۆژی ١١ی ١ی ٢٠١٩ کاتژمێر ٣ی ئێوارە لە سینەما سالم سەیری ئەو فیلمە بکەن.


ک.ک