ڕژاک پیرۆزبایی لە گەلان بەگشتی و ژنان بەتایبەت دەکات

لە پەیامێکدا کە بۆنەوەی نەورۆزەوە بڵاویان کردووە، ڕێکخراوی ڕژاک پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەن و باس لە خەباتی ژنانی کورد دەکەن کە بوون بە پێشەنگی ژنانی دونیا، هەروەها دەڵێن بەرگریكردن لە دژی كۆرۆنا بەواتای بەرخودانییە لە دژی زوڵم و بێدادیی سیستمی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە.


بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردیی و جەژنی نەورۆزەوە، ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا پیرۆزباییان لە هەموو گەلی كورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و مرۆڤایەتی بەگشتی و ژنان و ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان و "ڕێبەر ئاپۆ" و زیندانیانی سیاسیی کردووە، هەروەها ڕایانگەیاندووە، لەم جەژنەدا شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیردەهێننەوە.

هەروەها لەوپەیامەدا هاتووە: گەلەكەمان خاوەنی زۆرترین قارەمانی وەك كاوەی ئاسنگەرە، رۆڵەی وەك مەزڵوم دۆغان و زەكیە ئەلكان و رەهشان و سەما یوجەمان هەیە، كە لە كوردستان و لە زینداندا بە ئاگری جەستەیان نەورۆزیان پیرۆز كرد، قارەمانی وەك بێریڤان و روناهیمان هەیە كە لە دژی فاشیزمی ئەڵمانیا وتیان ئەگەر ڕێگە نادەن بەدار ئاگری نەورۆز داگیرسێنین، ئەوا بەئاگری جەستەمان ئاگر لە سیستمی نادادیی و نادیموكراتی بەردەدەین و نەورۆز پیرۆز دەكەین، گەلەكەمان خاوەنی زۆرترین پێشەنگی وەك لەیلاقاسم و عایشە گول و مولازم حەلیمە و شیرن ئەلەمهۆلی و نێرگز و دایە فاتمە، دەستینا قەندیل و سارینا ساریا و روهەیڤ روناهی و ڤیان و ڤەژین ...هتد هەیە، كە لە هەموو سەنگەرێكدا لەدژی داگیركاری و زوڵم تێكۆشاون .

ڕژاک دەڵێت، تا ئێستاش چەوسانەی کورد کۆتایی نەهاتووە و لە زۆرشوێنی کورستان پیرۆزکردنی نەورۆز قەدەغەیە، "هەربۆیە پیرۆزكردنی نەورۆز چەندە واتای جەژنە هێندەش هەڵوێستێكی سیاسییە و واتادانە بە تێكۆشانی ئازادی و داگیرساندنی ئاگر بەواتای بەردەوامكردنی تێكۆشانی ئازادییە لە دژی هەموو تاریكایی و زوڵمێك".

هەروەها ئاماژەی بە پێشەنگایەتی ژنان داوە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال کە چەتەکانی داعشیان تێکشکاند و ڕاشیانگەیاندووە: ئەمرۆش لە پێشەنگایەتی ژنانی كوردا لە هەمووبەشەكانی كوردستاندا كۆتایی بە زوڵمی  دەسەڵاتداری پیاو سالاریی و داگیركاری دەهێنین .

لە کۆتایی ئەو پەیامەدا، باس لەوەکراوە، کە یەكێك لەبەڵاكانی سیستمی سەرمایەداری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و ڕێگرە لەوەی نەورۆز بەهێندەی گەورەیی خۆی پیرۆز بكرێت، "بەڵام بەرگریكردن لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆناش بەواتای بەرخودانییە لە دژی زوڵم و بێدادیی سیستمی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە كە لە دژی مرۆڤایەتی لە هێرشدایە بە هەموو شێوەیەك".

س.ح