بە بیستنی چیرۆکی ڕۆزێتا، هەست دەکەیت هەرچی ئازار و ئەشکەنجەی دنیا هەیە، لەسەر جەستە و دەروونی ئەو ژن و منداڵە ئیزدییانەدا تاقیکراوەتەوە، کە ئەژدیهاکانی سەردەم ڕفاندنی و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن.
تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو، کاتێک چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال، چەتەکان باوکیان کوشت و خۆی و دایکیان ڕفاند.
ڕۆزیتا حاجی باجۆ، کە لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا لە دەستی چەتەکان ڕزگار کرا، چیرۆکی ژیانی هەشت ساڵەی پڕ لە ئەشکەنجەی خۆی و دایکی و دڕندایەتیی و وەحشییگەرایەتیی چەتەکانی داعش بۆ ئاژانسی هاوار دەگێڕێتەوە.
چەتەکان باوکی ڕۆزیتایان کوشت و ڕۆزیتا و داکیان ڕفاند، بەرەو موسڵ و پاشان بەرەو ڕەقە، لە بازاڕی کۆیلەفرۆشاندا دەفرۆشرێن بە چەتەیەکی جەزائیریی، ڕۆزیتا دواتر دەدرێت بە چەتەیەک بەناوی ئەبو ئیسلام.
ئەو هێشتا تەمەنی هەشت ساڵە و ناتوانێت لە دڕندەیی چەتەکان تێبگات، ئەو دیمەنانەی هەرگیز لەبەرچاو ون نابێت، بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، ڕۆزیتا بە چاوی خۆی دەبینێت، براکەی ئەبو ئیسلام دەستدرێژیی دەکاتە سەر دایکی، دوابەدوای ئەو دڕندەییە، دایکی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
کڕین و فرۆشتنی ڕۆزیتا کۆتایی نایەت، دەیان جار لەناو جەتەکاندا کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت.
كاتێك لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتا مۆڵگەی ژێر دەستی چەتەكانی داعشیان لەباغۆزی سوریا کۆنترۆڵکرد، ڕۆزیتا لەگەڵ خانەوادەی چەتەكانی داعشدا دەگوزارێتەوە بۆ نێو كامپی هۆڵ، ڕۆزیتا ئەو كاتە تەمەنی ١٣ ساڵ دەبێت.
ڕۆزیتا دەڵێت؛ چەندین جار ویستم بە بەڕێوەبەرانی كامپەكە بڵێم، كە من كچێكی ئێزیدیم، بەڵام دەترسام كۆمەڵگە ئێزدی ئێمە قبوڵ نەكەن، هاوكات چەتەكانی داعشیش هەڕەشەیان دەكرد كە ناسنامەی خۆت ئاشكرا نەكەی.
پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێت بەدوای کەسوکارەکەیدا، کاتێک چاوی بە یەکێکیان دەکەوێت، خۆی پێ دەناسێنێت، ئەو کەسەش پەیوەندیی بە ماڵی ئێزدییانەوە دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرانی کامپی هۆڵ بەپەلە هەوڵی ڕزگاکردنی دەدەن.
ڕۆزیتا حاجی باجو ئێستا تەمەنی ١٦ ساڵە و ئازادە، ئەو گەڕایەوە بۆ شەنگال و بڕیاریداوە لەگەڵ ئامۆزاکانیدا بژی.
چیرۆکی ڕۆزێتا، چیرۆکی ئەو هەزاران ژن و منداڵانەیە، کە چەتەکانی داعش ڕفاندنیان و دەستدرێژییان کردە سەریان.
دام و دەزگاكانی ئێزدییەكان دەڵێن لەنێو ئەو ئیزیدیانەی ڕفێندراون تا ئێستا سێ هەزار و ٤٣٨ كەس ڕزگار كراون، بەڵام لایەنی كەم هەزار و ٩٠٠ كەسی تر تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ش.ف