لە سلێمانی، لەسەر سکاڵای نەخۆشخانەی شار، سۆما خالیدی ڕۆژنامەنووس دەستگیرکرا و پاش مانەوەی بۆ ٢٤ کاتژمێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە کەفالەت ئازادکرا.
شەوی رابردوو بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس سۆما خالید، کە پەیامنێری کەناڵی “کەی ئێن ئێن”ە، لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بڵاویانکردەوە، سۆما خالید لەسەر سکاڵایەکی نەخۆشخانەی شار لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە فەرمانی ڕاگرتنی بۆ دەرچووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان/لقی سلێمانی ڕایانگەیاندووە، سۆما خالید بەکەفالەت ئازادکراوە، بەڵام کەیسی سکاڵاکەی بە کراوەیی ماوەتەوە.
ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سۆما خالید لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نوسینێکی دەربارەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە، بەو هۆیەوە دوێنێ ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بانگی بەردەم دادوەر کراوە، بە تۆمەتی ئەوەی ناحەقی بەرامبەر کەرتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی کردووە، دادوەر وتەی لێوەرگیرا.
دەستگیرکردنی سۆما خالید کاردانەوەی فراوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئازادی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە.
ش. ئـ