ڕۆژی جیهانی دایک لەلایەن دایکانی مەخمورەوە پیرۆزکرا

دایکانی کامپی پەنابەرانی مەخمور، ڕۆژی جیهانیی "دایک"ـیان پیرۆز کرد و داوایان لە هەموو دایکان کرد کە لەدژی خوێنڕشتن بوەستنەوە.


لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە هەر ساڵە و لە سەرتاسەری جیهان، هەفتەی دووەمی مانگی گوڵان، وەک ڕۆژی دایک پیرۆز دەکرێت، ئەمساڵیش ئەمڕۆ وەک ڕۆژی دایک پیرۆز دەکرێت، بەو بۆنەیەشەوە دایکانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، هەست و تێڕوانینی خۆیان لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە دێننە زمان.

کەریمە قەوالی دەڵێت: ئەم ڕۆژە لە هەموو دایکانی جیهان پیرۆز دەکەین، هەرچەند دڵخۆشییەکیان بۆ پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە نەهێشتووەتەوە، زوڵم لە دایکانیش دەکرێت، هەموو ڕۆژێک منداڵمان دەکوژرێت و خوێنیان دەڕژێت، دڵمان پڕ لە خوێنە و ئێشمان قورسە، منداڵەکانمان ڕۆژانە لە کوردستان، بە فڕۆکە بۆردوومان دەکرێن و بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید دەکرێن، ئەمە لە هەر شوێنێک ڕووبدات، ئێمە هەستی پێدەکەین و پێدەئێشین، ئەو زۆڵمەی لێمان دەکرێت بەهێزمان دەکات، دەست لە دۆزی خۆمان هەڵناگرین، داوا لە مرۆڤایەتی، ڕێکخراوە دیموکراتییەکان و هەموو دایکان دەکەم کە دژی خوێنڕشتن بوەستنەوە و کاری بۆبکەن.

فەهیم شرناخی دەڵێت: منداڵانمان شەهید دەکرێن و تەرمەکانیان بە پۆستە بۆ دایکانیان دەنێردرێتەوە، منداڵەکانمان لە کاتێکدا خەریکی یارین، بەبەر چاوی جیهانەوە شەهید دەکرێن، ئێمەش مرۆڤین و داوای ماف و ناسنامەی خۆمان دەکەین، پێویستە کورد یەکبگرێتەوە، با چیتر برا، برا نەکوژێت و نەبن بە ئامێری یاری ئەو دوژمنانەی کە سەدان ساڵە دەست بە خوێنمان دەشۆن، داوا لە پارتە کوردییەکان دەکەین کە یەکبگرنەوە و کوردستانێکی ئارام  دروست بکەن، دایک سەرەڕای ئەوەی ئازار دەچێژێت بەڵام هەمیشە لایەنگری ئاشتییە، بۆیە داوا لە هەموو دایکان و مرۆڤە دیموکراتەکان دەکەم، لەدژی ئەم کۆمەڵکوژییانە بوەستنەوە و ڕێگە نەدەن منداڵەکان بکوژرێن.

وەسیلا چەلەبی دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئێسکی منداڵەکانمان دەترسێت و گۆڕەکانیان تێکدەدات، وەک دایکێک ئەم کردەوەیە شەرمەزار دەکەم، دوو منداڵم شەهیدبوون و نازانم گۆڕیان لە کوێیە، تا مابین شوێنکەوتووی ڕێگای شەهیدانمانین، داوا لە گەلی کورد دەکەم، پێویستە بۆ مافی خۆمان تێکۆشانمان گەورەتر بکەین.

ک.س