دەستدرێژیی و توندوتیژیی سێکسیی لە کاتی ململانێکان بۆ تۆقاندن و ملکەچکردنی دانیشتوان و پەرتەوازەکردنی خێزانەکان ڕوودەدات، زۆرکاتیش تەنها بۆ زەلیلکردنی ژن و خێزان، دووچاری دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە، ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکان باس لە دەستدرێژیی سێکسی سەر ژنان لەبەرچاوی ئەندامانی خێزانەکانیان دەکەن.
زاراوەی “توندوتیژیی سێکسی لەکاتی ململانێ” ئاماژەیە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر، کۆیلایەتی سێکسیی، لەشفرۆشی زۆرەملێ، دووگیانی زۆرەملێ، لەباربردنی زۆرەملێ، نەزۆککردنی زۆرەملێ، هاوسەرگیریی بەزۆر و هەر جۆرە توندوتیژییەکی تری سێکسی بە هەمان ئاستی مەترسیی، کە بەرامبەر بە ژن، پیاو، یاخود منداڵی کچ و کوڕ ئەنجامبدرێت ، جا ئەو توندوتیژییە لەکاتی جەنگ و ململانییەکاندا بێت یاخود دەرئەنجامی کاریگەرییەکانی پاش جەنگەکان بێت.
ترسی کلتوری هۆکاری سەرەکین لە ڕێگرییکردن بۆ بەدەنگهاتنی ڕزگاربووانی ئەم جۆرە لەتوندوتیژیی و بەردەستنەبوونی ئامارێکی تەواو دروست، پزیشكانی تایبەتمەند بەم بوارە لەگەڵ تۆمارکردنی یەک حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لەکاتی ململانێدا پێشبینی دەکەن ١٠ بۆ ٢٠ حاڵەتی دیکەی تۆمارنەکراوی دیکە هەبێت.
هەر بارودۆخێکی جیاواز تایبەتمەندی خۆی هەڵدەگرێت و گرنگە کە شێوازێکی شیکاری هەمەلایەنە بەکار بهێندرێت، بۆ خۆ بەدوورگرتن لە گشتاندن، بەڵام بەگوێرەی مەزەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان:
لە ڕواندا، نزیکەی ٥٠٠ هەزار ژن لە جینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤ دەستدێژی سێکسییان کراوەتەسەر.
لە سیرالیۆن ٦٠ هەزار ژن لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆ ١٩٩١ – ٢٠٠٢ دەستدێژیی سێکسیان کراوەتەسەر.
لە لیبیریا، ٤٠ هەزار ژن دووچاری دەستدرێژی سێکسی و خەتەنەکردن بوونەتەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩ – ٢٠٠٣.
لە بۆسنیا (ئەوروپا) ٦٠ هەزار ژن دەستدێژیی سێکسیان کراوەتەسەر لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٥.
لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ژن دەستدێژیی سێکسییان کراوەتەسەر لە ملانێکاندا، کە زیاتر لە ١٠ ساڵیان خاندووە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی توندوتیژیی سێکسیی تێدا ئەنجامدراوە، بەتایبەت لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و قوڵبوونەوەی زیاتری ململانێ و جەنگەکان و گروپە چەتەکان توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر ژنان و پیاوان و منداڵانیش زۆر زیاتر دەرکەوتوون، بێگومان کوردیش بەدەر نەبووە لەو شاڵاوانە و بە هەزاران ژنی کورد ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.
لەڕاپۆرتی ساڵانەی نووسینگەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ توندوتیژی سێکسی لە ململانێکان کە ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە هاتووە، ژنانی کورد قوربانیی توندوتیژی سێکسیین لەکاتی ملاملانێکاندا.
بەپێی ئامارێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان و کاروباری ئاینی سەر بەوەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، ژنانی شەنگال لەدوای کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٤وە، هەزار و ٢٩٣ ژنی ئێزدی تائێستا بێسەروشوێنن و زۆربەشیان وەک کۆیلەی سێکس فرۆشراون، بەڵام بەهۆی کەم و کورتی لە کۆکردنەوەی ئامارەکاندا نەتواندراوە ژمارەی تەواوی ئەو ژنانە و ناسنامەکانیان بدۆزرێتەوە.
ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥، بە فەرمیی ڕایگەیاند، ١٩ی حوزەیران وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسیی لە ململانێدا دیاری دەکرێت.
ش.ئ