ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە زیادبوونی توندوتیژیی خرایە بەر باس

سەرەڕای ڕۆڵە ئەرێنییەکانی ڕاگەیاندن، بڵاوکردنەوەی هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرت بە پاڵنەری توندیژیی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت.


شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر بە ناونیشانی 'وێنە و مانشێت وەك یەكێك لە پاڵنەرەكانی توندوتیژیی'، گفتوگۆیەکی کراوە بۆ ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان ئەنجامدرا.

لە گفتوگۆکەدا، ئاری ڕەفیق تیشکی خستە سەر ڕۆڵە ئەرێنیی و نەرێنییەکانی ڕاگەیاندی کوردیی لەبەرامبەر پرسەکانی ژنان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

ئاری، باسی لەوە کرد، کە بەهۆی ڕاگەیاندنەوە هۆشیاریی لەسەر پرسی ژنان لەناو کۆمەڵگادا دروست بووە، هەم ژنان ئەزانن مافەکانیان  چین و  هەمیش کۆمەڵگا هۆشیاربووەتەوە لەو ڕووەوە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان، ئاماژەی بە لایەنە نەرێنییەکانی ڕاگەیاندنیش کرد، کە هەندێکیان لەڕێگای ڕووماڵ و هەوآڵ و ڕاپۆرتەکانیانەوە، بوونەتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیی و هاندەریان بوون بۆ ئەنجامدانی، هەروەها تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا.

ئاری ڕەفیق، نمونەی مانشێت و وێنەی باسکرد، کە لەو ڕێگایەوە کەسێکی تۆقێنەریان بۆ ژنان دروست کردووە، یان هانیان دەدەن بۆ ئەوەی چۆن و بە چ ڕێگایەک خۆیان بکوژن.

هەروەها، نمونەی ڕاپۆرتێکی باسکرد، کە سەبارەت بە ماددەی هۆشبەرە و لە یەکێک لە گۆڤارەکان بڵاوبووەتەوە، بەجۆرێک ناوی تەواوی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر وینەکانیان نووسراوە، ئەمەشی بە هاندان بۆ بەکارهێنانی ناوزەد کرد، چونکە وەک ئەو باسیکرد، لەڕێگای ئەو ڕاپۆرتەوە خەڵک بەباشی ماددە هۆشبەرەکان دەناسێت و ناوەکانیان فێر دەبێت و هەوڵی دەستخستنیان دەدات.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا ئامادەبووان سەرنجەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکە خستەڕوو، بە گرنگیان زانی، کە هۆشیارییەکی زۆرەوە ڕاگەیاندن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا بکات.

ش.ف