ڕۆڵی ژن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا تاوتوێ کرا

جڤاتی یەكبوونی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی "یو پی پی" و یەكێتی ئەوروپا، مێزگردێكیان دەبارەی ڕۆڵی ژن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا ڕێكخست.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێستۆرانتی داوا لە شاری سلێمانی، جڤاتی یەكبوونی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی "یو پی پی" و یەكێتی ئەوروپا، مێزگردێكیان دەبارەی ڕۆڵی ژن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا ڕێكخست.

لە مێزگردەكەدا ژمارەیەك لە چالاكوانانی بواری ژنان و مافەكانی مرۆڤ، یاسا ناسان، توێژەرانی كۆمەڵایەتی و مامۆستایانی ئاینیی ئامادەیبوون، تێیدا تاوتوێی مەترسییەكانی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و كاریگەرییە نەرێنییەكانیان لەسەر كۆمەڵگا و ڕۆڵی ژنان لە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا كرد.

هاوكات باس لە زیادبوونی ڕێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كرا لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت تیشكخرایە سەر هەڵكشانی ڕێژەی بەكارهێنانی ئەو ماددانە لەناو ژناندا و گواستنەوەی بۆ ناوەندەكانی پەروەردە و زانكۆكان.

لە كۆتاییشدا ڕاسپاردەكانی مێزگردەكە خرایەڕوو، كە تێیدا داوای هەموار كردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كرا، بۆ ئەوەی ئەندامانی یەك خێزان بتوانن لەسەر بەكارهێنانی ئەو ماددانە ببنە سكاڵا كار بەسەر یەكترەوە، هەروەها بەپێویستیش زانرا، كە دامەزراوەیەكی تەندروستیی بۆ چارەسەركردنی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان دابمەزرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو خێزانەكاندا و لە كەرتی پەروەردەشدا هۆشیاریی لەسەر زیانەكانی ماددە هۆشبەرەكان بڵاوبكرێتەوە.

لەبارەی ڕۆڵی ژن-یشەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددانە، ڕاسپاردەكە بەوە دیارییكردووە، كە ژن ببێتە پردی پەیوەندی لە نێوان خێزان و كەرتی پەروەردە و توێژەرانی كۆمەڵایەتیدا بۆ گەیاندنی هۆشیاریی بە خێزانەكان و ڕووبەڕوو بوونەوەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، لەگەڵ ئەوەشدا گەرەنتییەكی وای پێبدرێت، كە بتوانێت سكاڵا لە ئەندامەكانی خێزانەكەی بكات كە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەكان بووبن و ترسی لە یاساكان و هێزە ئەمنییەكان نەبێت.

بۆ كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانی مێزگردەكە و ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان-یش، بڕیاردرا بە دروستكردنی گروپێك لەناو بەشداربووانی مێزگردەكەدا.

د.ح