ڕێكخراوێکی ژنان: لە تۆپبارانەکاندا قوربانیانی یەكەم ژنان بوون

سەرۆكی ڕێكخراوی لانەی ژنان بۆ داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان، ئاشکرایدەکات، لە تۆپبارانكردنی سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان قوربانیانی یەكەم ژنان بوون.


لەمیانەی سێیەمین كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان پانێڵێكی تایبەت بە كوشتن و خۆكوشتن بەبەشداری چالاكانی مەدەنی لەبواری مافەكانی ژنان و بەریگریكردن لێیان بەڕێوەچوو.

لانە ئامانج، سەرۆكی لانەی ژنان بۆ داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی پانێڵەکە ڕایگەیاند لە تۆپبارانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستاندا قوربانیانی یەكەم ژنان بوون و ئەوەی خستەڕوو کە جگە لە ناوخۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ژنانی کورد دەچەوسێنرێنەوە.

ئاشکراشیکرد: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ١٠ حاڵەتی كوشتنی ژنان لەهەرێمی كوردستان هەبووە، كە ئەمەش جێگای نیگەرانیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد کە بەتەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٢ ژن لە هەرێم کوژراون.

لای خۆیەوە ئاری ڕەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ڕایگەیاند كە لەساڵی ٢٠٠٧دا لە زۆربەی ڕۆژەکاندا ژنێك كوژراوە بە جۆرێک لەو ساڵەدا هەموو مانگێك حاڵەتی كوشتن لە ٢٥ ژن كەمتر نەبووە، ئەوەشی خستەڕوو كە لە دوای ساڵی ٢٠١٥وە بەگشتی حاڵەتەكانی تۆماركردنی كوشتنی ژن ٤٠ بۆ ٥٠ حاڵەتبووە لە ساڵێکدا.

ک.س