ڕێژەی ژنان لە میدیاکانی باشوردا لەنێوان ١٠٪ بۆ ٢٠٪ ـدایە

بەگوێرەی ڕووپێوییەک، زۆرینەی میدیاکانی باشوری کوردستان پشت بە پیاو دەبەستن و ڕێژەی بوونی ژنان لەنێوان ١٠٪ بۆ ٢٠٪ ـدایە.


بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، ئەمڕۆ یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی و كۆمەڵایەتیی زانكۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر لەژێر ناونیشانی 'پرسی ئافرەت لە میدیای كوردییدا'، کۆنفرانسێکی سازکرد.

لەکۆنفراسنسەکەدا تیشک خرایە سەر نایەکسانیی ڕەگەزیی لەناو میدیای باشوری کوردستاندا و بەپێی ڕووپێوییەک، كە لەلایەن مامۆستایانی زانكۆوە ئەنجامدرابوو و لە کۆنفرانسەکەدا خرایەڕوو، لە هەرێمی كوردستان زۆینەی میدیاکان پشت بە پیاوان دەبەستن و لە زۆربەی میدیاکاندا ڕێژەی ژنان لەنێوان ١٠٪ بۆ ٢٠٪ـە.

نەرمین سندی، ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفراسەكە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگای ئەم کۆنفرانسەوە ڕۆڵی ژنان لەناو میدیادا زیاد بکەین و ڕیگا بۆ ئەو ژنانە خۆش بکەین، کە ئامانجیانە لە میدیادا کار بکەن.

نەرمین سندی، وتیشی: ناتوانین بڵێین ئاستی بەشداریی ژن لەنێو میدیادا زۆر خراپە، بەڵام پێویستە زیاتر كاربكەین بۆ ئەوەی بتوانین باڵانسی ڕەگەزیی لەنێومیدیادا یەكسان بكەین.

ش.ف