ڕێکخستنی ژنانی تەڤگەری ئازادیی: با تێکۆشان بەرفراوان بکەین

ڕێکخستنی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان ئاماژە بە خراپیی دۆخی ژنان دەکات و بانگەوازیی لە ژنان دەکات" با لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتان و ستەمکاریی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و عەقڵەیەتی دژە ئازادیی و دژە دیموکراتی و دژە ژن و  یەکسانی، تێکۆشان و چالاکی بەرفراوان بکەین".


ڕێکخستنی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبووەوە و بە ڕاگەیەندراوێک ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی کراوە و ئاماژە بەو قۆناغە هەستیارەکراوە، کە بۆ گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەت ژنان هاتووەتە پێشەوە.

باس لەوە کراوە، کە "شەڕی ناوچەکە شەڕێکی ئایدۆلۆژییە و قەیرانی سیستم و ئابورییش لەھەمان چوارچێوەدایە، هێزە داگیرکار و لەھەمان کاتدا ستاتۆپارێزەکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن لە پێناو ئەوەی پرۆژەی گەلی کورد کە پرۆژەی ئاشتیی و پێکەوە ژیان و بونیادنانی سیستەمی دیموکراتییە لەبار ببەن و ڕێگربن لە چارەسەری پرسی گەلان،  لەو چوارچێوەیەشدا هێرش دەکەنە سەر پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادیی و بەتایبەتی ژنانی کورد و دەستکەوتەکانی".

هەروەها، تیشک خراوەتە سەر بارودۆخی لە باشوری کوردستان و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەوە خراوەتە روو، کە "ڕۆژ بە ڕۆژ کورد دەسکەوتەکانی لەدەست دەدات و داگیرکاریی سیاسی و ئابووریی و سەربازیی و سیخوڕیی قوڵتر دەبێتەوە، لەلایەک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کۆچبەرییەکی ترسناک دەستی پێکردووە و زۆرینەی گوندە کوردنشیینەکان چۆڵ کراون و پرۆسەیەکی دیکەی تەعریب بەڕێوەدەچێت، ھاوکات گوندە کاکەیی نشینەکانیش لە دۆخێکی ناھەمواری بێ پاراستنیدان".

هێما بۆ ئەوەش کراوە:"لەگەڵ دەستبەکاربونوی حکومەتی نوێ قۆناغێکی تر لە پێشێلکاریی و توندوتیژیی و گرتن و ئەشکەنجە و نادادیی ھاتوونەتە کایەوە، تا ئێستاش دەیان چالاکوان و ڕاگەیاندنکاری ئازا و ئازاد دەستگیرکراون، جگە لە بانگھێشت کردنی چالاکوانان و ھەوڵدانی نایاسایی بۆ کپ کردنیان، ئەمەش ڕەنگە لەلایەک بوونی کەسێکی ئەمنی ھەواڵگری و پاراستنی بێت بە سەرۆکی حکومەت و لەلایەکی ترەوە تەسلیم بوونی کابینەی نوێ بێت بە داگیرکاری تورکیا بەشێوەیەکی مەترسیدار، بێگومان ڕەنگدانەوەی ئەم حکومەتە لەسەر پەرلەمانیش بەرچاوە، وێڕای ئەوەی ژنێک کراوە بە سەرۆکی پەرلەمان،ئەم دەزگایە لە ئێستادا کراوەتە دەزگایەکی پاسیڤ و بێکاریگەر".

ڕاشگەیەندراوە:"زیندانی کردنی ئازادیخوازان و رۆژنامەوانان، پێشخستنی جۆرەکانی شەڕ لەبەرامبەر تێکۆشانی وڵاتپارێزی و وڵاتپارێزان، هێرشی سەر هێزە دیموکرات و ئۆپۆزسیونەکان بەتایبەت تەڤگەری ئازادی، گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور و  بێکاریگەرکردنی ژنانی ناو دەسەڵات و بەردەوامیدان بە کوشتنی ژنان و  داڵدەدانی ژنکوژان، خەسڵەتی دیاری ئەم حکومەتەن کە درێژکراوەی کابینەکانی پێشوون".

ئەوەش هاتووە: لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی، بە ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان دەبینن وەک ژنانی تەڤگەر پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەن و دەبنە هێزی چارەسەری  لە پێناو کۆتایی هێنان بە سەرجەم ستەمکاریەکان لەسەر ژنان و لەسەر کۆمەڵگەی باشوری کوردستان و عێراق.

بانگەوازییشیان لە ژنان کرودوە"با بە هەموو رەنگ و دەنگەکانەوە لە پێناو ئاواکردنی ژیانێکی شایستە بە ژنان و کۆمەڵگەکەمان، لە دەوری یەکتر کۆببینەوە و هێزمان بکەینە یەک و بێدەنگی بشکێنین، دژی داگیرکاریی دەوڵەتان و ستەمکاریی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و عەقڵەیەتی دژە ئازادیی و دژە دیموکراتی و دژە ژن و  یەکسانی، تێکۆشان و چالاکیی بەرفراوان بکەین".

ش.ف