ڕێگە بە گردبوونەوەکەی چالاکوانانی ژنان لە گەرمیان نەدرا

چالاکوانانی ژنان لە گەرمیان دژی بڕیاری لابردنی لەمیعە محەمەد، لە پۆستەکەی و دانانی پیاوێک لە جێگەکەی، ویستیان گردبوونەوەیەک ئەنجامبدەن، بەڵام بەهۆی ڕێگری هێزەکانی ئاسایش و کەمی ژمارەی چالاکوانان، گردبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.


وابڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی لەیلا قاسم لە شارۆچکە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، چالاکوانانی ژنان لە گەرمیان لە دژی بڕیاری لابردنی لەمیعە محەمەد، لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان و دانانی پیاوێک لە جێگەکەی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی ئەنجام بدەن، بەڵام گردبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.

هەر لە سەرەتای کاتی دەستپێکردنی گردبوونەوەکە، هێزێکی زۆری ئاسایشی گەرمیان چوونە شوێنی گردبوونەوەکە و ڕایانگەیاند، لەبەر نەبوونی مۆڵەتی ئەنجامدانی چالاکییەکە، ڕێگا نادەن ئەنجامبدرێت، هەروەها ژمارەیەکی کەمیش لەو چالاکوانە ژنانە لە شوێنی چالاکییەکە ئامادە بوون، هێزەکانی ئاسایش بڵاوەیان پێکردن و ڕێگەیان بە ئەنجامدانی گردبوونەوەکە نەدا. 

جێگەی ئاماژەیە هێزەکانی ئاسایش ڕێگایان بە هیچ کام لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدا بۆ ڕووماڵکردن نزیکی شوێنی گردبوونەوەکە ببنەوە.


ک.ک