ڕەگەزگەرایی هەڕەشە لە تەندروستیی ژنان دەکات

شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە مەترسییدارەکان، کە بەڕێژەیەکی زۆر تووشی ژنان دەبێت، ئەگەر تووشبوو لەسەرەتادا پشکنین نەکات، ئەوا مەترسیی لەسەر ژیانی دروست دەبێت،  پسپۆرێکی نەخۆشییەکەش دەڵێت: شەرم و ترس ژنانی ئێمە دوادەخات لە پشکنین.


شێرپەنجە بە شێوەیەکی گشتیی بریتییە لە زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەکانی لەش و نەمانی کۆنتڕۆڵکردنی، کە لە ئەنجامی زوو دەستنیشان نەکردنی دەبێت بە گرێ و بڵاو دەبێتەوە بە هەموو خانەکانی لەشدا و چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.

شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە مەترسییدارترین شێرپەنجەکان، کە لە ھەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاودا ڕوو دەدات، بەڵام زۆربەی تووشبوان بەم نەخۆشییە ژنان و لە جیهاندا لە هەشت ژن-دا یەک ژن تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت.

تەمەنەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە لەنێوان تەمەنی ٢٠-٥٠ ساڵییدایە و ئەگەر زوو بە نەخۆشییەکە بزانرێت ئەوا دەتواندرێت ڕێگای چارەسەری بۆ دیاری بکرێت، نەخۆشییەکە بە پێنج قۆناغ-دا تێدەپەڕێت، سفر کە هێشتا بڵاونەبووەتەوە، قۆناغی یەک لە مەمکدایە و قۆناغی دوو و سێ بووەتە لیفەکانی ژێرباڵ و قۆناغی چوار و پێنج بڵاودەبێتەوە و مەترسیدارە.

کۆمەڵێک نیشانە بۆ ناسینەوەی نەخۆشییەکە و ڕێگاکانی خۆپاراستنی بەپێی ئەزموون و توێژینەوەی پزیشکان دیارییکراوە.

 

نیشانەکانی بریتیین لە:

-ھەبوونی تەنێک (توودەیەک) لە ناو مەمک یان ژێرباڵدا.

-ھاتنەدەری خوێناو یان زنچکاو(ئاوی ڕۆشن) لە نووکی مەمک

- ھەڵگەڕانەوەی نوکی مەمک بەرەو ناو پێست.

-ھەڵوەرینی پێستی دەوری نوکی مەمک.

-سووری یان باکردنی نوکی مەمک.

گۆڕینی شێوەی پێستی مەمک بۆ شکڵی پێستی پرتەقاڵ

-گۆڕینی شکڵی مەمکێک بە جۆرێک کە لە مەمکەکەی تر جیاواز بێت.

-دروستبوونی برینێک لە مەمکدا کە دوای ماوەیێک خۆش نەبێتەوە.

سەبارەت بە ئازاری نەخۆشەکە، د.ژیان خەلیل، پسپۆڕ لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەم نەخۆشییە ٩٠%ی ئازاری نییە و کەسەکە هەستی پێناکات، بۆیە دەگاتە ئاستی بڕینەوەی مەمک.

سەبارەت بە تەمەن-یش، ژیان خەلیل، وتی: هیچ تەمەنێک دیاریینەکراوە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، بەڵام ژن تا بچێتە تەمەنەوە مەترسی تووشبوونی بەو نەخۆشییە زیاترە، زۆر جار لەو کەسانەشا دروست دەبێت کە شیر نادەن بە منداڵ.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر یەک کەس لە خێزانێکدا تووشی شێرپەنجە ببێت دەبێت هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە سەر ساغی سەردانی پزیشک بکەن و پشکنین بکەن.

ئەو پزیشکە، ڕاشیگەیاند، کە ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە یان منداڵیان نەبووە و شیریان نەداوە، هەروەها ئەو ژنانەی چارەسەری نەزۆکیی، هۆرمۆنات و حەبی مەنع(ڕێگریی لە منداڵ بوون) بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە.

وەک ژیان خەلیل باسیکرد، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە، دەبێت ژنان وەرزش بکەن بە بەردەوامیی و خواردنی تەندروست بخۆن، لەکاتی چارەسەریشدا چەندە قۆناغەکەی سەرەتا بێت چارەسەری ئاسانترە، هەروەها بڕینی مەمک پەیوەستە بە قۆناغی نەخۆشییەکە کە ئەگەر گرێ بێت ئەوا باشترە لەوەی نیوەی مەمک بگرێتەوە و ئەگەری بڕینەوە زۆر کەمە.

 ئەو پزیشکە، هۆشدارییدا، کە خۆپاراستنی سەرەکیی بریتییە لە پشکنینی پێشوەخت و هەموو ژنێک لە هەموو تەمەنێکدا بە بوون و نەبوونی کێشە لە مەمکیدا دەبێت سەردانی پزیشک بکات، پشکنینی مەمۆگرافیی بکات، وتیشی: شەرم و ترس ژنانی ئێمە دوادەخات لە پشکنین، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو دوو شتە پشتگوێ بخەن چونکە چەندە زوو بچیت بە دەم نەخۆشییەکەوە ئەوا زووتر چارەسەر دەبێت.

وتەی ئەو پزیشکە دەریدەخات، کە لە کۆمەڵگەی کوردییدا ڕەگەزگەرایی چ هەڕەشەیەک لە ژیانی ژنان دەکات!.

 

ش.ف