وەک پشتیوانییەک بۆ هەوڵەکانی پلاتفۆرمی فرەنەتەوەیی دیموکراتیی ژنان، ژنان لە ئەفغانستان و ئێران پەیامی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەستانەوە.
ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، پلاتفۆرمی فرەنەتەوەیی دیموکراتیی ژنان لە ئێران و ئەفغانستان، ڕاگەیەندراوێکی بە ناونیشانی”بە توندیی ئیدانەی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا دەکەین بۆ سەر کوردستان” بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: وێڕای پشتیوانیی لە بەرقەرارکردنی ئاشتیی و دژایەتییکردنی سیاسەتی حکومەتی تورکیا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ شاخەکانی کوردستان مەحکوم دەکەین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و دوورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی قەدەغەکراوەکان کراوە.
دوابەدوای ئەو ڕاگەیەندراوە، ژمارەیەك لە ژنانی چالاك لە بوارە جیاجیاكان و لە نەتەوە جیاوازەكان، لە ڕێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە پشتیوانییان لە هەڵویستی پلاتفۆرمەکە کرد.
ئیلاهە سەدر، یەکێکە لەو ژنانە و لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: سوپای تورکیا لە (١٤ و ١٧) نیسان، هێرشی بۆ سەر هەرێمی زاپ دەستپێکردووە و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد بەرخۆدانێکی بێوێنەیان کردووە، بەڵام خەڵکەکەی بە دۆخی ژیان و مردندا تێدەپەڕن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە میدیا جیهانیەکان بێدەنگن.
ژنێکی دیکەی خەڵکی ئەفغانستان دەڵێت: وەک ژنانی ئەفغانستان پشتیوانی خۆمان بۆ کورد دوپاتدەکەینەوە، تورکیا ڕووەکەی تری داعشە و هەمیشە هەوڵیداوە بە دڕندانەترین شێوە شۆڕشگێڕانی کورد لەناوببات، دەوڵەتانی دنیاش چاویان داخستووە لەئاست ئەو تاوانانە.
هەروەها، ئێڤیدا ئەحمەد، بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیی ئەفغانستان دەڵێت: وڵاتانی ئیمپریالیستی جیهانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان بە هەزاران کەس لە وڵاتە بچووکەکان دەکوژن، ژنانی شۆڕشگێڕی کورد نمونەن بۆ ئێمە و شانازیی دەکەین، کە توانیومانە بیانناسین.
یەکێکی دیکە لەو ژنانەی ئەفغانستان دەڵێت: زلهێزەکانی جیهان بێدەنگن لە ئاست ئەو تاوانانەی، کە بە سەر گەلی کورد دادێت و زۆربەی دەوڵەتەکان یارمەتیی داگیرکەرانی کورد دەدەن لە پێدانی چەکی کیمیایی و گازە ژهراویەکان بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد.
“بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتار، پێویستیی بە یەکڕیزیی تەواوی ئازادیخوازانی جیهان هەیە و یەکەم هەنگاویش ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆرە”، ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو پەیامانە.
ژنێکیش دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورک خەڵکی بێ بەرگریی و بێ چەک بە بۆمبی کیمیایی و گازی ژهراوی قەتڵوعام دەکات
لە پەیامێکی دیکەدا ژنێک دەڵێت: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەناو دیموکراسیی هیچ کات بەرژەوەندییەکانیان ناخەنە مەترسییەوە و بە وتەی خۆیان دژی دیکتاتۆرەکانن، بەڵام ئەمانە هەر ئەو کەسانەن کە خۆیان هەڵیانبژاردوون و دەستیان داوەتە کوشت و کوشتاری خەڵک و بەتایبەت لە کوردستانی تورکیا.
ش.ف