ژنانی باشوری کوردستان بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە

ژنانی باشوری کوردستان بەمەبەستی ڕێکخستنی چالاکییەکانیان بۆ پشتیوانیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێشکەشکردنی هاوکاریی، کۆبوونەوە.


ئەمڕۆ ژنانی چالاکوان و سیاسی، لە بینای کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئەندامانی کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژاک و تەڤگەری ئازادیی کوردستان و چەند چالاکوان و کەسایەتییەک.

لە کۆبوونەوەکەدا جیهان خەلیل، ئەندامی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان باسی دۆخی ئیستای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گۆڕانکارییەکانی کرد، وتیشی: ڕۆژئاوای کوردستان بەر لە پێنج ساڵ سەرکەوتنێکی بێ وێنەی تۆمار کرد و تا ئێستاش بەردەوامە، دواتر عەفرین کە بە ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی داگیر کرا، ٥۸ڕۆژ بەرخۆدان شەڕڤانان و ژنانی کوردی بە دونیا ناساند و لە ئێستاشدا ژنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەوە پێشەنگە.

هەروەها، تیشکی خستە سەر شەهیدبوونی هەڤرین خەڵەف، سکرتێری حزبی ئایندەی سوریا و وتی: لە بەرچاوی دونیا هەڤاڵ هەڤرین شەهید کرا، تەنانەت بێ ئەوەی چەک بەدەستبێتم هەر لەو هێرشانەدا دایە عەقیدە سەهیدکرا، کە ئەندامێکی چالاکی کۆنگرەی ستار بوو.

جیهان جەختی لە سەر تێکۆشانیان کردەوە و ڕایگەیاند: بەم هێرشانە دەوڵەتی تورکیا بڕیاردراوە کە کورد و عەرەب کۆمەڵکوژ بکەن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و تەنانەت ئەگەر ملیۆنێک کورد کۆمەڵکوژ ببێت با ئەوەی کە دەمێنێت بە ئازادیی بژی.

دەربارەی ئەو ڕێککەوتنەش کە خۆبەڕێوەبەریی لەگەڵ ڕژێمی سوریا ئەنجامیداوە، جیهان خەلیل، جەختیکردەوە، ڕێککەوتنەکە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و وتی: پێویستە ئێمەی ژنان بە هەموو شێوەیەک بکەوینە ناو چالاکیی بۆ پاراستن ئەو دەستکەوتانە.

بەشداربووازنی کۆبوونەوەکە، کۆمەڵێک پێشنیاریان کرد بۆ پشتیوانیی بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەویش بریتین لەوەی کە چالاکی جۆربەجۆر بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، هەروەها هاوکاریی پزیشکییان بۆ کۆبکرێتەوە.

هاوکات پێشنیاری دروستکردنی لیژنە کرا بۆ سەردان کردنی حزبەکان، کە دەبێت لە لایەن حزبەکانەوە کاری جدیی و توند بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە بکرێت.

ش.ف