ژنانی باشوری کوردستان لە دەوری ژنۆلۆژی کۆدەبنەوە

بەمەبەستی ناساندنی فەلسەفەی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان خولێکی پەروەردە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.


دوێنێ لە ناوەندی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسیی، لە شاری سلێمانی، پەروەردەیەکی دوو ڕۆژیی تایبەت بە ژنۆلۆژی"زانستی ژن"، لە لایەن نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی، کرایەوە و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی خولەکەیە.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەمەبەستی پێشخستنی زانست و فەلسەفەی ژنان، ژنۆلۆژیی وەک زانستی ژنان خستە ڕۆژەڤەوە، بۆ ناساندنی ئەو فەلسەفەیە لە ئەروپا، کوردستان، تورکیا و ئەمریکای لاتین سیمینار و خولی پەروەردەی زۆر ئەنجامدراوە، ئێستاش لە شاری سلێمانی بە هەمان مەبەست ئەو خولە بەڕێوەدەچێت.

لەو خولە پەروەردەیەدا لەسەر پرسیاری "بۆچی ژنۆلۆژی گرنگە" سمینار و کۆبوونەوە ئەنجامدراوە، هەروەها چەندنین سینەفزیۆن لەبارەی کاری کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە ئەروپا، باکوری کوردستان، تورکیا  وئەمریکای لاتین نمایشکراوە.

لە ڕۆژی یەکەمی خولە پەروەردەکەدا، باس لەوە کرا، کە چۆن فەلسەفەی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠٠٨دا  و لە ڕێگای کتێبی "سۆسیۆلۆژیی ئازادی"ی عەبدوڵا ئۆجالانەوە هاتە ئاراوە، هەروەها ئاماژە بەوەشدرا، کە ژنۆلۆژی و تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی ژنی کورد سەرنجی هەموو ژنانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

undefined

هەروەها شرۆڤەی "ژن، ژیان، ئازادی" کرا و خرایەڕوو، کە ئەوە زیاتر لەوەی دروشمێک بێت فۆرمولی ژنۆلۆژییە، نەجیبە قەرەداغی ئەوەشی وت، کە وەکچۆن هەر زانستێک پێویستی بە فۆرمول هەیە، ژن ژیان ئازادیش فۆرمولی زانستی ژنۆلۆژییە.

هەروەها، ڕەخنە لە زانستی کۆمەڵایەتیی گیرا، کە چۆن ئەو زانستە لە کۆمەڵگا دوور خراوەتەوە و ژنۆلۆژی وەک ئەڵتەرناتیڤێک ناسێندرا، کە ئەرکی ئەوەیە ژیانێکی نوێ بۆ کۆمەڵگا پێناسەبکات.

نرخاندنی ژنۆلۆژی لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ئەو خولە بوو.

لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا، ژنۆلۆژی لە بوارەکانی ئەخلاق، جوانی ناسی، ئابوری، سیاسەت، پەروەردە، دیموگرافیا، ژینگە و تەندروستی نرخێندرا، هەروەها ڕێکخستنی ژنۆلۆژی لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان لە ڕووی پراتیکیشەوە یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ئەمڕۆی خولەکە بوو.

کارەکانی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە چوارچێوەی پەروەردە، کۆبوونەوە و سیمینار لە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان وەک هەولێر، گەرمییان، ڕانیە، شارەزور بەردەوامی پێدەدرێت.

ش.ف