ژنانی باشور: ئەزموونی ڕۆژئاوا لێهاتوویی ژنان دەردەخات

ئەو ژنە چالاکوان و سیاسییانەی باشوری کوردستان، کە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە، پێیان وایە، کە ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژئاوا، دەرفەت بۆ دەرخستنی لێهاتوویی ژنان دەڕەخسێنێت، دەشڵێن: سیستم لەسەر دەستی ژن جیاوازی زۆری هەیە و دەتوانێت گۆڕانکاری باش بخوڵقێنێت.


لە سەروبەندی بەرخۆدانی عەفریندا، دوو شاندی ژنان لە باشوری کوردستان، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد، لەئیستاشدا لە شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، بەشێک لەو ژنانە لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز، باس لە ئەزموونی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەکەن.

ئاشتی عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنیستیتیۆتی ۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسیی، دەڵێت کە ئەو چەند ڕۆژەی لە ڕۆژئاوا بوون و سەردانی عەفرینیان کردووە، وێنەیەکی جوانیان لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا بینیوە، باسی لەوەشکرد: بوونی سیستمی کۆنگرا ستار کە هەموویان لە ڕێکخستندا یەک هەڵوێستبوون و ئەوەی لەوێ پەیڕەو کرا، پێویستە لە پارچەکانی تریشدا کەڵک لەو ئەزموونە بگیرێت، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم سوود لەو ئەزموونە وەرگرم و بە پێچەوانەوە ئەوانیش دەتوانن سود لە ئێمە ببینن، بەڵام مۆدیلێ ئەوان بە شێوازێک بوو کە هەموو کۆت و بەندەکانیان شکاندبوو.

ناوبراو جەختی لە گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی کورد کرد و وتی: نەک تەنها بۆ پرسی ژنان، بەڵکو بۆ کۆی پرسەکان پێویستە نێوماڵی کورد ڕێکبخەینەوە و یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنین، چونکە داگیرکارییەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، هاوکات بۆ پرسی ژنان دەبێت ژنانی هەرچوار پارچە لە شوێنێکدا کۆببنەوە، کە پەیڕەو پڕۆگرامەکانیان ئاڵووگۆڕ بکەن و بە کۆڕ و کۆبوونەوەی، جدی هەنگاوی گەورە بنرێت، چونکە ئێمە ئەوە دەزانین کە سیستم لەسەر دەستی ژن جیاوازی زۆری هەیە و دەتوانێت گۆڕانکاری باش بخوڵقێنرێت.

شادی نەوزاد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە لەسەروبەندی شۆڕشی ڕۆژئاوادا سەردانی عەفرینی کردبوو، تیشکی خستەسەر یەکسانیی رەگەزیی لە ڕۆژئاوای کورسدتان و وتی: هەر لە سیستمی هاوسەرۆکایەتییەوە بگرە تا دەسەڵاتە جیاوازەکانی تر، ئەو ڕێزگرتنی مافە و یەکسانی دەرفەتێکی گەورەی بە ژنان داوە، کە ڕۆڵ ببینن لە بەڕێوبردنی وڵات، بەڵام لە باشوردا کارکردنی ژنان لە بوارەکانی دیکە سێبەره و کۆمەڵێک دەسەڵاتی پیاوانەی لە پشتە.

سەبارەت بە ڕێگرییەکانی ژنان لە باشوردا وتی: دەسەڵات و خەباتی باشوور زیاتر ڕێگەی بۆ پیاوان خۆشکردووە، بۆیە بە سودوەرگرتن لەو ئەزموونەی ڕۆژئاوا، دەتوانین دەرفەت بڕەخسێنرێت و لێهاتووی ژنانی باشوریش بەرچاو بکەوێت، ژنانیش دەبێت بە باوەڕی و ئیرادەی خۆیان ئەو زمینەیە بڕەخسێنن هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوا.

ئاوات زەردەشتی، نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، کە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە، جەختی لە نەوەستان لە کاروخەبات کردەوە بۆ پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و وتی: دەبێت بە نووسین و گفتوگۆکانمان پارێزگاری لە ئەو شۆڕش و بەرخۆدانە بکەین، چونکە بە سەردانیکردن بۆ ڕۆژئاوا و گۆڕستانی شەهیدان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ژنانی هەرچوار پارچە بە بێ جیاوازی شەهیدبوون و یەکبوونێک لە نێوانیاندا بووە، بۆیە ئەم یەکگرتنە بووەتە هۆکاری پێشکەوتنی شۆڕشی ژنان.

باسی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانیش کرد و وتی: لە ڕووی خۆبەڕێوەبردنەوە، ئەزموونی ڕۆژئاوا زۆر گرنگە، با ئێمە بۆ جارێکیش بێت سود لەو ئەزمونە وەربگرین و کار بکەین، بە خۆشحاڵییەوە ئەو شوێنەی کە ژن بەڕێوەی دەبات، لە هەموو ڕوویەکەوە باشە و بەداخەوە لەوڵات ئێمدا بە هۆی حوکمکردنی لە لایەن پیاوەوە، خەباتی زۆرینەی ژنان پشتگوێ خراو.

ب.ل