ژنانی باشور بانگەوازیی پشتگیریی لەیلا گوڤەن دەکەن

ژنە چالاکوانەکانی شاری سلێمانی، بانگەوازیی پشتگیرییکردنی لەیلا گوڤەن دەکەن و بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانن، کە پشتیگریی لە مانگرتنی گوڤەن بکرێت، پێشیانوایە، کە دەبوو ٨ی ئازار بکرایەتە وێستگەیەک بۆ پشتیوانییکردنی لەیلا گوڤەن.


مانگرتنی لە خواردنی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات-کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە، ماوەی ١٢٩ ڕۆژە بە شێوەیەکی بێسنوور بەردەوامە، ژنانی چالاکوانیش لە سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و بانگەوازیی پشتگیرییکردنی گوڤەن دەکەن.

هانا شوان، چالاکوانی بواری ژنان، لەیلا گوڤەن بە "سمبولی خەباتی سیاسیی ژنان" ناودەبات و دەڵێت: ئەم خەباتە پێویستی بە پشتگیریی هەموو لایەک هەیە بە تایبەتی ژنان، کە دەبێت پاڵپشتێکی بەهێز بن، پشتگیرییکردن لە لەیلا گوڤەن ئەرکی هەموومانەوە.

ئەو چالاکوانە ڕەخنەشی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد، کە لە ئاست مانگرتنی گوڤەندا کەمتەرخەمن و وتی: بۆ باسکردن لە چالاکی لەیلا گوڤەن و خەباتەکەی، بۆشاییەک دەبینین لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکاندا، کە وەک پێویست کاری لەسەر ناکرێت و نیشانی خەڵک نادرێت.

پەیمان عزەدین-ی پارێزەریش هاوشێوەی هانا شوان، ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستیی ڕایگشتی گرت بەرامبەر مانگرتنی لەیلا گوڤەن و وتی: بێدەنگییەک لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە باشوری کوردستان هەیە سەبارەت بە مانگرتنی لەیلا گوڤەن، کە شۆڕشێکی دەستپێکردووە لە بەرامبەر نادادپەروەرییەکان، کە ئەمەش جێی داخە و ئەو تێکۆشانەی بە خەمساردییەکی گەورەوە چاوی لێدەکرێت و وەک ئەوەیە کە بە تەنیا خۆی تێبکۆشێت.

ئەو پارێزەرە بە پێویستی دەبینی، کە ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنان بکرایەتە بۆنەیەک بۆ پشتیوانیکردن لە خەباتی لەیلا گوڤەن، کە زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە.


ک.ک