ژنانی باشور تێڕوانینیان لەسەر کۆنگرەی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخەنەڕوو

ژنانی باشوری کوردستان بە گرنگییەوە باس کۆنگرەی دامەزرێنەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن و فرەڕەنگیی ئەندامانی کۆنگرەکە دڵخۆشییان دەکات، دەشڵێن: کێشەی ژنان لە بنەڕەتدا یەکێکە.


ڕۆژی ١٤/٦/٢٠١٩ لە شاری عامودێ-ی کانتۆنی قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەی دامەزرێنەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی'یەکێتی ژنانی ئازاد مسۆگەری سوریایەکی دیموکراتە' لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە چوو.

چەندین میوان لە باشوری کوردستانەوە چوونە عامودێ و بەشداریی کۆنگرەکەیان کرد، لەوانە نوێنەرانی ریکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، یەکێتی ژنان، بزووتنەوەی گۆڕان و کەسایەتیی سەربەخۆ.

ساز عەبدوڵا، نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریی لەو کۆنگرەیەدا نیشاندا و ئەوەی سەرنجیی ڕاکێشابوو فرەڕەنگیی ئەندامانی کۆنگرەبوو"زۆر خۆشحاڵبووم کە ژنان هەر یەکە و بە ڕەنگێک بەشداربوون".

ساز، ئاماژەی بە گرنگیی کۆنگرەکە کرد و وتی:"ئەم جۆرە کۆنگرانە زۆر گرنگە، چونکە ژنانی هەر چوارپارچە دێنێتە لای یەک و دەتوانین بە پێشنیارەکانمان و بیروڕا گۆرینەوە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، تەنانەت بتوانین لە داهاتوودا کاری پێکەوەیی بکەین، چونکە کێشەی ژن لەبنەڕەتدا یەکە".

شیرین دڕەیی، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی بەشداربوویەکی دیکەی کۆنگرەکەیە و باسی لەوە کرد، کە بابەتی پێکەوەیی و پتەوکردنی پەیوەندیی نیوان پێکهاتە جیاوازەکان، تایبەتمەندییەکە لە کۆنگرەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و وانەیەکیش بووە، کە ئەو توانیوێتی لێیانەوە فێر ببێت.

شیرین دڕەیی، بەپێویستیشی دەزانێت، ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەنجومەنێكی هاوشیوەدا کۆببنەوە باس لە کێشە سەرەکیەکان بکەن، "چونکە کێشەی ژنان هەمووی وەک یەکە".

ش.ف