ژنانی باشور چۆن واتا دەدەنە ٨ی ئازار؟

لە ٨ی ئازاردا جەستەیان بوو بە ئاگر و بڵێسەی سەند، بنپێکردنەکان بەردەوامن و پریشکی ئەو ئاگرەش بە شێوازی جیاواز خۆی دەنوێنێ بەڕووی بنپێکاراندا، ئەو ڕۆژە بۆ ژنانی باشوریش بەرخۆدانە، خۆبوونە، ئازادییە.


ئەمڕۆ ٨ی ئازار-مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانە، ژنانی باشوری کوردستان-یش بە دروشمی 'تێکۆشانی ژنان خۆبوونە بەرخۆدانە و ئازادییە' چالاکییەکانیان بەڕێوەدەبەن.

٨ی ئازار چۆن سەری هەڵدا؟

جیاوازیی ڕەگەزیی، هەلومەرجی دژوار، کاری زۆر و هەقدەستی کەمی کرێکارانی ژن، لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی، ژنانی ناچار کرد ناڕەزایی دەرببڕن و خەبات بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی بکەن، هەربۆیە لە ٨ی ئازاری ١٨٥٧ ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا، بە چالاکیی مانگرتن ناڕەزاییان نیشاندا.

نایەکسانیی و پنپێکارییەکان لە بەرامبەر کرێکارانی ژنان بەردەوامبوو، هیچ خاوەن کارێک مافەکانی ژنانی لەبەرچاونەدەگرت، سەرەڕای بنپێکاریی بەرامبەر مافی هەموو کرێکران، بەڵام بۆ کرێکارانی ژنان دۆخەکە چەند هێندە خراپتر بوو، بە بەراورد لەگەڵ پیاوانیش حەقدەستی کەمتریان پێدەدرا.

بیرەوەریی مانگرتنەکەی ساڵی ١٨٥٧لای کرێکارانی کارگەی ڕستن و چنین مایەوە و دوای نیوسەدە و لە ٨ی ئازاری ١٩٠٨ ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆرک وەک یادکردنەوەی ئەو چالاکییە و بە هەمان داواکاریی دەستیان بە مانگرتن کرد، خاوەنکار و پاسەوانەکانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن پێشگرتن لە گشتگیربوونی مانگرتن لە ناو بەشەکانی تر، ژنە مانگرتووەکانیان دەستبەسەر کرد، دواتر بە هۆکارێکی نەزاندراو ئاگر لە کارگەکە کەوتەوە، بەو هۆیەشەوە ١٢٩ ژن لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەستدا، ئیدی پریشکی ئەو ئاگرە جیهانی گرتەوە و تا ئێستا بڵێسە دەسەنێت.

داواکاریی کرێکارانی ژن چی بوو؟

دەرکردنی یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، حەقدەستی یەکسان بۆ ژن و پیاو لە کاری یەکسان، ٨ کاتژمێر کارکردن، پشتگریی لە دایک و منداڵی ساوا و دیارییکردنی کەمترین حەقدەست.

کەی ٨ی ئازار بوو بە ڕۆژی جیهانیی؟

ساڵی ١٩١٠ لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی سۆسیالست، کە بە بەشداریی ١٠٠ ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە و بە سەرپەرشتی ژنە سۆسیالستیی ئەڵمانی کلارا زکتین لە کۆبنهاگن بەڕێوەچوو، پیشنیارکرا ڕۆژێکی جیهانیی بۆ ژنان و بەرگرییکردن لە مافەکانیان دیاریی بکرێت و سەرئەنجام ٨ی ئازار بۆ ئەو ڕۆژە دەستنیشان کرا.

ساڵی دواتر لە ٨ی ئازاردا لە وڵاتانی دانیمارک، ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا، بە مەلایین ژن بە خۆپیشاندان و چالاکیی جۆراو و جۆر گوزارشتیان لەو ڕۆژە کرد و داخوازییەکانیان خستەڕوو، کە جگە لە دووپاتکردنەوەی داواکارییەکانی پێشوو، داوایان کرد، مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن پێبدرێت.

لە ساڵانی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیی، چالاکییەکانی ژنان کەمبووەوە، بەڵام دواتر ساڵ بە ساڵ چالاکییەکان فراوان دەبوون و زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، بێجگە لەو داخوازییانەی کە پێشتر باس کرا، داکۆکیی لە دایکان و مافی منداڵ لەباربردن، بەهۆی ئەوەی توانای بەخێوکردنیان نەبوو، بوو بە داواکاریی لەپێشینەیان، ئەم داواکارییە هەتاکو ئێستاش لە دەیان وڵاتدا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام نەبووە بە ڕۆژەڤێکی سەرەکیی و لە کەمترین وڵات ناڕەزایی دژ بە قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ ئەنجام دەدرێت.

باشوری کوردستان چۆن یادی ٨ی ئازار دەکاتەوە؟

بەهۆی داگیرکاریی و زۆرداریی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین لە باشوری کوردستان باس لە ڕۆژێک نەکراوە بەناوی ڕۆژی جیهانیی ژنان و لە مێژوودا باس لە هیچ چالاکییەکی تایبەت بە ٨ی ئازار نەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە دەیان ژنی پێشەنگی وەکو عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب، لەیلا قاسم و ئەحلام مەنسور هەبوون، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پاراستنی مافەکانی ژنانەوە پێشەنگایەتیی کۆمەڵگایان کردووە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩١، ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە باشور دروست بوو، ئیدی بیرلەوە کرایەوە، کە ژنانی باشوری کوردستان-یش هاوشێوەی ژنانی جیهان یادی ئەو ڕۆژە بکەنەوە و داواکارییەکانیان بهێننە زمان، لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ یەکەم جار ٨ی ئازار لە باشور پیرۆزکرا.

بە چەندین شێوازی وەک گردبوونەوە، خۆپیشاندان، چالاکیی هونەریی، بەخشینەوەی گوڵ، ئاهەنگ، کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی، خستنەڕووی ئامارەکانی توندوتیژیی، سمینار، دابەشکردنی خەڵات و بەسەرکردنەوەی ژنانی لێهاتوو لە بوارە جیاوازەکاندا، وەبیرهێنانەوەی ژنانی شەهید بە نمونە دەنیز فورات، نەقیب ڕەنگین، ڤیان جاف، نۆژین ئەرهان، داستینا قەندیل و چەندانی دیکە، نمونەی ئەو چالاکییانەن.

گەشەدارا، چالاکی بواری مافەکانی ژنان، پێیوایە کە لەجیاتی ئاهەنگگێڕان، گرنگە لەو ڕۆژەدا هەڵمەتی هۆشیاریی سەبارەت بە مافەکانی ژنان بەڕێوەبچێت، هەروەها کار بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ ژنان بڕەخسێت، کە تا ئێستا نایەکەسانییەکی زۆر لەنێوان ژن و پیاودا هەیە.

مەیدانەکانی تێکۆشانی ژنانی باشور

مەیدانی سیاسیی و سەربازیی

بەدرێژایی مێژوو ژنانی باشور لەبواری سیاسییدا کاریان کردووە و ڕۆڵیان هەبووە، خانزادی میری سۆران، حەپسەخانی نەقیب، عادیلەخانم و لەیلا قاسم لە نمونە هەرە دیارەکانی ئەو ژنانەن، کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەدوای ئەوانیش تێکۆشان بەردەوامیی هەبووە، تا گەیشتن بە هاوسەرۆکایەتیی حزب و بوون بە پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و ژنان  نەیانتوانیوە ڕۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی باشوری کوردستاندا هەبێت.

لەڕووی سەربازییشەوە، لەکاتی دەسەڵاتداریی ڕژێمی بەعس-دا، ژنان کاری ڕێکخستنییان لە شارەکاندا ئەنجامداوە، ئەگەرچی وەک پێشمەرگەش لە شاخەکان ماونەتەوە، بەڵام لە شەڕەکاندا ڕۆڵێکی دیاریان نەبووە و زیاتر لەگەڵ هاوسەر و کەسوکارییاندا لە شاخدا ماونەتەوە.

لە١١/١١/ ١٩٩٦ یەکەمین فەوجی ژنان دامەزرا و لەو ساڵەوە تا ئێستا ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە دەبێت، کە سەر بە هێزەکانی حەفتا و پشتیوانیی دوون.

بە ناسینی پەکەکە، ژنانی باشوریش بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری تێکۆشانی سەربازیی بوون و بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆگرت و دەیان ژن لە تێکۆشانی ئازادییدا گیانی خۆیان فیداکرد، لە شەڕی دژ بە داعش-یشدا لە ساڵی ٢٠١٤، ژنانی پێشمەرگە بەشدارییان کرد و نەقیبێکی پێشمەرگە بەناوی"ڕەنگین"شەهید بوو. بە دامەزراندنی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یش، بەشداریی ژنان لە مەیدانی سەربازییدا فراوانتر بوو و بە هەزاران ژن لە ڕیزی یەبەشدا تێکۆشان دەکەن.

ژن و کاری ڕێکخراوەیی

ژنان لە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و پاراستنی مافەکانی ژنان-دا جێگا دەگرن و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ١٨٧ ڕێکخراو و ناوەندی دژی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان هەن، هەبوونی ئەو ڕێکخراو و ناوەندانە دەستکەوتن بۆ ژنان، بەڵام چالاکبوونیان نەگەشتووەتە ئاستێک، بتوانێت ڕێگە لە نەهێشتنی توندوتیژیی بگرێت و تەنانەت نەشیتوانیوە ڕێژەکان کەم بکاتەوە.

ئەگەرچی سێ مانگ لە ساڵی نوێ تێدەپەڕێت، بەڵام بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، تەنیا ئاماری نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردووەتەوە، کە بەپێی ئامارەکە ٣٥ ژن کوژراون و ٥٧ژن-یش خۆیان کوشتووە، ٢٠٧ ژن-ی دیکەش سووتاون و خۆیان سوتاندووە.

ئابووریی

ئەوەی لەبەرچاوە ژنانی باشور لە مەیدانی ئابوورییدا تا ڕادەیەکی باش توانیویانە ئاستەنگییەکان تێکبشکێنن و ببن بە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ، بەڵام تا ئێستا ئامارێکی فەرمیی لەبەردەستدا نییە، کە بەشداریی ژنان لە ئابووریی باشور ڕوون بکاتەوە.

ژنان لە سەرجەم بوارەکانی دیکەی وەک ڕۆشنبیریی، هونەریی، ڕاگەیاندن و بوارەکانی دیکە بوونیان هەیە، بەڵام لە سەرجەمیشیاندا بەشدارییان چ لەڕووی چۆنیەتی و چ لەڕووی چەندێتییەوە لە ئاستی پێویستدا نییە و پێویستی بە تێکۆشانی زیاتر هەیە، تا وەک ژن و بە ڕێژەی پێویست ڕۆڵ ببینن.

دروشمی ژنانی باشور لە ٨ی ئازاری ئەمساڵدا

"تێکۆشانی ژنان خۆبوونە بەرخۆدانە و ئازادییە"، دروشمی چالاکییەکانی ٨ی ئازاری ئەمساڵ بوو لە باشوری کوردستان، کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک-ەوە پێشەنگایەتیی کرا، بەڵام ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان بەهۆی هۆشداریی حکومەتی هەرێم و قەدەغەکردنی چالاکیی و کۆبوونەوەکان، لەبەر مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی ئەمساڵی ٨ی ئازاریان ڕاگرت.

ش.ف