ژنانی باشور ڕۆژی جیهانیی کوبانێ‌ بەرزدەنرخێنن و عەفرین-یشیان لەبیرە

ژنانی باشوری کوردستان ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ‌ بەرزدەنرخێنن، لە سیمینارێكدا بە ناونیشانی 'عەفرین باشوری کوردستانە، داگیرکردنی جینۆسایدی گەلی کوردە، بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ پاراستنی عەفرین'، بەرخۆدانی كۆبانێ و داگیركارییەكانی سەر عەفرین-یان پێكەوە گرێدا.


ئەمڕۆ، لە ناوەندی سەرەکیی 'کۆنگرا ستار' لە شاری سلێمانی، یادی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ کرایەوە، لەلایەن جیهان خەلیل، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆنگرا ستار سیمینارێک پێشکەشکرا، بە دروشمی 'عەفرین باشوری کوردستانە، داگیرکردنی جینۆسایدی گەلی کوردە، بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ پاراستنی عەفرین'.

جیهان خەلیل، ئامانجی سیمینارەکەی خستەڕوو، وتی، ئامانج لێی پشتگیریکردنی ژنانی باشورە لە ژنانی عەفرین.

جیهان لەمیانی قسەكانیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی ژن كرد لە بەرگرییكردن لە عەفرین، وتی:"ژنانی عەفرین بەرامبەر بە داگیرکەرانی تورک ڕۆڵی باشیان هەبووە، بۆیە دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژنانی عەفرین."

هەر لە سیمینارەکەدا باس لەوەکرا، کە ژنانی عەفرین هەمیشە کلتوری شارەکەی خۆیان پاراستووە، چونکه خاکی خۆیان خۆشدەوێت و نیشتمانپەروەرن، بۆیە ئەمەش وایکردووە ژنانی عەفرین بەشداریی سەرجەم بەرخۆدان و چالاکییەکان بكەن لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر عەفرین.

ئەندامەكەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار وتیشی: لەدوای کۆبانێ، عەفرین دووەم شارە، کە ژنان لەبەرامبەر داگیرکارییدا بەرخۆدانیی بێوێنەیان تێداکردووە.

جیهان خەلیل، لە کۆتایی سیمینارەکەدا باسی لەوەکرد، کە ژنانی باشور لەناو یەکتردا یەکگرتوو نین، بۆیە پێویستە یەکگرتوو بن، هەروەها هەڵوێستی زیاتریان هەبێت لەبەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و پشتگیریی زیاتری ژنانی ڕۆژئاوا بکەن.

ش.ف