ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دەزگای خوشکانی یەکگرتوو کۆبوونەوە

شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی لەگەڵ دەزگای خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە، هەردوولاش جەختیان لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کوردستان کردەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بارەگای نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی دەزگای خوشکانی یەکگرتوو کۆبوونەوە.

شاندەکەی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرە ستار لەلایەن شاندێکی دەزگای خوشکانەوە بە سەرۆکایەتی بەهار عەبدولڕەحمان بەپرسی دەزگاکە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووە پێشوازییان لێکرا.

بەیان نووری، ڕاوێژکاری باڵا لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: شاندەکە باسیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کوردستان کرد، ئێمەش بەخۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆمان دووپاتکردەوە بۆ ئەو مەبەستە.

هەروها ستێرک قاسم، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕۆژنیوزی وت: دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کوردستان بە گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک زوڵم لەسەر ژنان هەبوو بە هەڵوێستێکی هاوبەش لەدژی بووەستینەوە.

س.ح