ژنانی باڵەکایەتی دەیانەوێت پەرە بە تواناکانیان بدەن

ژنانی باڵەکایەتی دەیانەوێت خۆیان ڕێکبخەن و هەوڵی په‌ره‌پێدانى کاره‌ ده‌ستییه‌کانیان بدەن، لەو بارەیەشەوە ناوه‌ندی کلتوری چۆمان پێشانگایه‌کی کاری ده‌ستی بۆ کردنەوە و بڕوانامه‌ى به‌شداریکردنی خولێکیشی پێبەخشین.


دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵى ناوه‌ندى کلتورى چۆمان، بڕوانامه‌ى به‌شداریکردن به‌سه‌ر ٢٣ ژندا دابه‌شکرا، که‌ له ‌ماوه‌ى دوو مانگى ڕابردوودا به‌شداریان له‌ خولێکى کارى چنین کردبوو، هەروەها پێشانگایەکیش بۆ کارە دەستییەکانیان کرایەوە.

له‌ پێشه‌نگاکه‌دا ئاماژە بۆ ئەوە کرا، کە ئەو ژنانە بەشداری خولێکی سەرەتایی بوون و له‌ ئاینده‌شدا کارى گه‌وره‌تر و فراوانتر بۆ ژنانى ناوچه‌که‌ ده‌کرێت، تا‌ بتوان له‌سه‌ر پێى خۆیان بوه‌ستن و به‌ کاره‌ ده‌ستییه‌کانیان بژێوى ژیانی خۆیان دابین بکەن.

هەروەها ژنانی بەشداربوونی پێشانگاکە، بڕیاریان داوه،‌ که‌ له‌ داهاتوو له‌ شێوه‌ى گروپێکدا خۆیان ڕێکبخه‌ن و به‌رده‌وام بن بۆ په‌ره‌پێدانى کاره‌ ده‌ستییه‌کانیان و له‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریى و بازاڕه‌کان بیانخەنەڕوو.


ک.ک