ژنانی تەڤگەری ئازادیی هەوڵی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی ژنان دەدەن

ژنانی تەڤگەری ئازادیی، بە ئامانجی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی ژنان، زنجیرە سەردانێکیان بۆ لای ژنانی ناو حزبە سیاسەکانی باشوری کوردستان دەستپێکردووە و لەیەکەمین سەردانیشدا لەگەڵ ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.


پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ، شاندێک لە ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەلگای کوردستان، سەردانی ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان-یان کرد، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی.

ئامانجی سەردانەکانی شاندی ژنانی تەڤگەری ئازادی بۆ لای ژنانی ناو لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی کۆتایی هێنانە بە ڕۆڵی پەراوێزخراوی ژنانی ناو لایەنە سیاسییەکان و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ژنان، تا لە داهاتوودا لە بەرەیەک یاخود پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا یەکبگرنەوە.

بێریڤان محەمەد، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە لەپێناو باشترکردنی کۆمەڵگا و چارەسەرکردنی کێشەکان لەهەرێمی کوردستان هەروەها بۆ کۆتایهێنان بەعەقڵیەتی پیاوسالاریی و سیستمی تاکەکەسیی، پلاتفۆرمێکی ژنان بەبەشداریی ژنانی هەموو حزبە سیاسییەکان دروستبکەین.

سازە عەبدوڵا، ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ئەو هەوڵەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی دەستیان پێکردووە وتی:  پێشوازیی لەم سەردانە دەکەین و هیوادارم ئیدی ژنان بەم پەرتەوازەییە نەمێننەوە، ژنان ئیدی بەتەنیا لە ئۆرگانەکانی ناو حزبەکاندا جێگا نەگرن، بەڵکو پێکەوە و بە هاوبەشی هەوڵی گۆڕانکاریی بدەین و داواکارییەکانمان پێشکەش بە دەسەڵات بکەین.

جێگای ئاماژەیە، شاندی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە داهاتوودا درێژە بە سەردانەکانیان دەدەن و ژنانی ناو حزبە سیاسیەکانی دیکەش بەسەردەکەنەوە.

د.ع