ژنانی زیندانی سیاسیی بانگەوازیی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن

ژمارەیەک لە ژنانی سیاسیی ناو زیندانەکانی ئێران، لە نامەیەکدا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان کرد و ڕایانگەیاند، کە دەسەڵات هەوڵدەدات بە هەڵبژاردن، خۆی بە دیموکراتی پیشانبدات.


دوێنێ، ١٢ ژنە زیندانی سیاسیی لە ئێران، نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردووەتەوە و تێدا بانگەوازییان لە خەڵک کردووە، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمان نەکەن.

لە نامەکە هاتووە: کۆماری ئیسلامی بە پاراستنی دەسەڵاتی ڕەهای دینی (ویلایەت فەقیهـ) مافی سەروەری خەڵک و هەڵبژاردنیان لە خەڵک زەوتکردووە و دزیویانە، پەرلەمانی ئەمڕۆ نەک تەنها دامەزراوەیەکی دیموکراتی نییە، بە پێچەوانەوە بووەتە ناوەندێکی دژە خەڵک و بە تەواوەتی خزمەتی دەسەڵات دەکات.

هەروەها هاتووە: خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی، لە زستانی ٢٠١٨ و سەرهەڵدانی خوێناویی پاییزی٢٠١٩ـدا و دوای ئەوەش گیانفیدایانە ڕژانە شەقامەکان و "دەنگی ڕاستی و بێ گەڕانەوەی خۆیان" ڕاگەیاند.

ژنانی زیندانی هەروەها ڕایانگەیاند، کە ئەم دەسەڵاتە و هەڵبژاردنەکانی لەسەر خوێنی گەنجانی بێتاوان وەستاوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە "ئەرکی سەرشانمانە کە هەڵبژاردن بۆ دەسەڵات جێبێڵێن و لە مەیدانەکانی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن (سەرهەڵدان و خۆپیشاندان) بمێنینەوە، هەر کەس دەنگ بخاتە سندووقەکان وەک ئەوەیە گولـلەیەکی ئاڕاستەی گەنجانی شۆڕشگێر کردبێت و بە واتای پەسەندکردنی دەسەڵات و تاوانەکانییەتی".

ش.ف