ژنانی شەنگال: درێژەپێدەری ڕێبازی بێریتانین

ژنانی شەنگال لەبارەی تێکۆشان و بەرخۆدانی شەهید بێریتانەوە دووان و وتیان، کە درێژەپێدەری ڕێبازی بێریتان دەبن.


گولناز کاراتاش ناسراو بە (بێریتان) ٢٦ ساڵ پێش ئێستا لە شەڕێکی دژی داگیرکارییدا بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دوژمنەوە خۆی لەسەر تاشەبەردێکەوە هەڵدایە خوارەوە، دوو ژنی ئێزدی-ش لەبارەی تێکۆشانی شەهید بێریتانەوە بۆ ڕۆژنیوز دووان.

ژنێکی ئێزدی بەناوی ئەمشێ خرمش، سەرەتا یادی شەهید بێریتانی کردەوە و وتی: یادی ٢٦ ەمین ساڵی شەهیدبوونی بێریتان بە شەرمەزارکردنی خیانەتکاران دەکەینەوە، بێریتانیان کردە ئامانج، چونکە وەک ژنێک ڕێگای ئازادیی گرتبووە بەر، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی تا کۆتایی درێژەپێدەری ڕێبازی بێریتان دەبین، ئەرکی هەموو ژنێکی ئازادیخوازە کە بێریتان بکەنە سیمبول و نموونەی خۆیان و هەرگیز ڕادەستبوون قبوڵ نەکەن.

ژنێکی دیکە بەناوی شیرین کەمال وتی: شەهید بێریتان سیمبۆلی ئازادی و ئاشتییە، لە کەسایەتیی شەهید بێرتانەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەینەوە، هەموو ژنان دەبێت بە شەهیدبوونی بێریتان سەربەزر بن، چونکە خۆی ڕادەستی دوژمن نەکرد، پێویستە لە هەموو بوارەکاندا درێژەپێدەری ڕێگای بین و خۆمان ڕادەست نەکەین.

شیرین کەمال، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: زۆر خوشحاڵین کە ژنێکی وەهامان هەبووە، داوا لە ژنانی ئێزدی دەکەم کە وەک بێریتان بەرخۆدان بکەن و سەریان لە بەرامبەر دوژمناندا دانەنەوێنن.

ش.ف