ژنانی عەفرین باس لە دڕەندیی چەتەکانی سەربە تورکیا دەکەن

ژنانی عەفرین دەڵێن، کە بە چاوی خۆیان بینیویانە چەتەکان دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەر ژنان و بۆ ئاڵتون کوشتوویانن.


ژمارەیەک لەو  ژنانەی توانیویانە لە عەفرین بچنە دەرەوە و خۆیان بگەیەننە شەهبا لەبارەی ئەو ئەشکەنجە و دڕندایەتییانەی چەتەکانی سەربە تورکیا دژبە هاوڵاتیان و بەتایبەتی ژنانی دەهێنن قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار کردووە.

هاوڵاتییەک بەناوی حەلیمە عەبدۆ دەڵێت: لەو کاتەوەی سوپای تورک و چەتەکانی گوندەکەمانیان داگیرکرد، لە ترسدا دەژیاین، چەتەکان بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکردین، بە چاوی خۆم دەمبینی کە چۆن خەڵکیان دەڕفاند، ئەشکەنجەیان دەکردن و دەستدرێژییان دەکردنەسەر.

حەلیمە باسی لە تاڵانکارییەکانی چەتەکانی کردووە و وتوویەتی: بۆ ئەوەی ئاڵتوونەکانی پیرەژنێک بدزن بە چاوی خۆم بینیم کە کوشتیان.

قەدرییە ڕەشید، ژنێکی دیکەی عەفرینییە، کە ئێستا لە شەهبایە دەڵێت: ئێمە لە گوندەکەماندا بە ئازادیی دەژیاین، دەگەڕاین و کاری کشتوکاڵمان دەکرد، بەڵام بە هاتنی چەتەکان نەماندەتوانی بە دڵی خۆمان لە ماڵ بچینە دەرەوە، چونکە ئەو چەتانە کردەوەی نائەخلاقی زۆریان دەرهەق بە ئێمەی ژن دەکرد.

 

ک.ک