ژنانی قەندیل: تۆڵەی ژنانی شەنگال دەکەینەوە

بە دروشمی' ئێمە وەک ژنانی بناری قەندیل تۆڵەی ژنانی شەنگال دەکەینەوە'، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامنووسیدا و بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە بناری قەندیل یادی کۆمەڵکوژی شەنگال کرایەوە.


ئەمڕۆ ژنانی قەندیل، بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، گربوونەوەیەکیان لە بناری قەندیل ئەنجامدا.

زولێخا محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، بەیاننامەی ژنانی بناری قەندیلی خوێندەوە کەتێیدا هاتبوو: گەلی ئیزدی کوردی ڕەسەن و بە درێژایی مێژوو لەو جوگرافیایە ژیان دەکەن و خاوەنی ڕاستەقینەی وڵاتن، مێژوو شاهیدی ئەوەیە تا ئێستا ۷٤ جار لە لایەن دەسەڵاتدارن و داگیرکەرانەوە کۆمەڵکوژ کراون، وەک هەموو لایەک ئاگادارن لە ۳-۸-۲۰۱٤ لە لایەن تیرۆریستانی داعش و بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و نۆکەرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سەر زێدی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون و بە هەزاران کەسیش شەهید و بریندار بوون، جیاواز لەوە زیاتر لە ۷هەزار ژن و گەنج و منداڵ کەوتە دەست تیرۆریستان و لە وڵاتانی هاوکاری داعش و ئەردۆغان کرین و فرۆشتنیان پێوە کرا و دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر یا کۆمەڵکوژ کران.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکدا هاتووە: پێویستە داگیرکەران و دەسەڵاتی پیاوسالاری ئەوە باش بزانن ژنانی کورد هەرگیز کۆیلایەتی و بن دەستی قبوڵ ناکەن و بەردەوامن لە تێکۆشان، ژنانی کورد بە هەموو جیهانیان سەلماند کە چۆن دەتوانن خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، هەموو جیهان دەزانیت تێکشکانی داعش لە سەر دەستی ژنانی کورد بووە، ئێمە وەک ژنانی بناری قەندیل و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە پێنجەمین ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی ژنانی شەنگال، سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە بیر دێنینەوە و لە هەمان کاتدا داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد ڕیسوا دەکەین و لێرەوە بەڵێن لەگەڵ خوێنی شەهیدان دووپات دەکەینەوە تۆڵەی ژنانی شەنگال بکەینەوە.

لە کۆتایدا بە دروشمی ژن ژیان ئازدیی کۆتایی بە یادکردنەوە هات

د.ع