ژنانی مەخمور گەمارۆی سەر مەخموریان شەرمەزارکرد

ژنانی ناو کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، دژی گەمارۆی سەر کامپەکەیان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، کە گەمارۆکە لەلایەن دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراقەوە خراوەتە سەر کامپەکەیان.


لەدوای ڕووداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر و کوشتنی عوسمان کۆسە، سیخوڕی تورک، ماوەی ٢٠٤ ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، دژی ئەو گەمارۆیە، بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی عەشتار، ژنانی مەخمور لە وەخفی ژنان کۆبوونەوە و گەمارۆکەیان ئیدانەکرد.

لە گردبوونەوەکەدا چیچەک جەنگیز، ئەندامی کۆرناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتار، ڕاگەیاندراوی ژنانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: ئەوە ٢٠٤ ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ئەم هێرشە گرێدراوی هێزە کاپیتالیستەکانە، وەک هەموو هێزە دیموکراتیەکان دەزانن، لەئێستادا لە کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست هەوڵێکی لەناوبردنی گەورەی مرۆڤەکان هەیە، ئەم هەوڵەش لەلایەن هێزە کاپیتاڵیستەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، ئامانجیان لەناوبردنی گەلە دیموکراتەکانە، ڕێبەر ئاپۆ لەبەرامبەر ئەو هێزە کاپیتاڵیستانە، بیرێکی نوێی داهێنا، لەو بیرەدا جێیەک بۆ هێزە فاشیستەکان نییە.

لەبەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیاری گەمارۆ خستنە سەر کامپی مەخمور لەلایەن دەوڵەتی تورک و پارتییەوە دراوە، سیاسەتێکی گڵاویان پەیڕەو کردووە، هەموو ئەو هێزانەی کە لەبەرامبەر ئەو ئەو گەمارۆیە بێدەنگن، هاوکاریی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق کرابوو، هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر کامپی مەخمور.

گردبوونەوەکە بە دروشمی  (بمرێ فاشیزم، داگیرکاریی کۆتایی دێ، بژی سەرۆک ئاپۆ) کۆتایی هات.

د.ع