ژنانی هەڵشۆ کۆڵنادەن

ژنانی هەڵشو لە سنوری شارەدێی قەڵادزێ، سەرەڕای ئیشوکاری ماڵ، بەردەوامن لە کاری دەستڕەنگینیی و بە توناکانی خۆیان جلی کوردی دروستدەکەن، ئەوان قەیرانی دارایی و بێ بازاڕیی بەرهەمەکانیان، ساردی نەکردوونەتەوە.


ژنانی شارەدێی هەڵشۆی سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین، کاری دروستکردنی قاتی بزوو دەکەن، کە لە مووی بزنی مەرەز دروست دەکرێت.

زەینەب مستەفا، یەکێک لەو ژنانەیە، کە ماوەی زیاتر لە ۱٥ ساڵە کاری ڕستن و چنینی قاتی بزوو، ئەوان سەرەتا بزنی مەرەز دەبڕنەوە، واتا مووەکەی لێدەکەنەوە، کە جۆرە بزنێکی جیاوازە لە بزنی ئاسایی و نرخەکەشی گرانترە، پاشان مووی بزنەکە دەشۆنەوە، دواتر لە ئامێرێکی دەدەن، کە شە-ی پێدەڵێن، شەکردن بۆ ئەوەیە مووەکە بە باشی خاوێن ببێتەوە و بە جوانی لە تەشی بدرێت، تەشی ئامێرێکە مووکە دەکاتە یەک ڕەستە بۆ ئەوەی ئامادە بکرێت بۆ جۆڵاکردن. ئەوان لەو مووە قاتی کوردی دروست دەکەن.

‌زەینەب دەڵێت: لە ڕاستیدا زۆریی و زەحمەتیی و ماندووبوونێکی زۆری پێویستە تا قاتێک ئامادە دەکرێت، ژنان هەم کاری ماڵەوە بەڕێوەدەبەن و هەمیش کاری دروستکردنی قات ئەنجام دەدەن، هاوکاریکردنیش لە لایەن ژنانی گوندەوە زۆر باشە و هاوکاری یەکتری دەکەین.

فاتمە عەبدوڵا، ژنێکی دیکەی هەڵشۆیە و وەستای جۆڵایە، ئەو باسی کاتی ئەمادەکردنی دەستێک جلی کوردی دەکات و دەڵێت: ئامادەکردنی قاتی بزوو کاتێکی زۆری پێویستە، ئەگەر بەردەوام کار بکەیت، یەک مانگی پێویستە تا قاتێک ئامادە دەبێ، سێ ڕەنگی هەیە، شین، زەرد و ڕەش، بە پێی داواکاری مشتەری ئێمە کاردەکەین، هەر کەسێک ئارەزووی ڕەنگێکی هەیە، ئەو کارەی ئێمەی ژنیش دەیزانین هەروەها پیاوانیش دەیزانن.

فاتمە دەشڵێت: هەوڵمداوە خەڵکانی دەوروبەر و منداڵەکانیشم فێری ئەو کارە بکەم، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە خواست لەسەر قاتی بزوو کەمبوەتەوە و نرخەکانیش بە پێی جوانی قاتەکە دەور دەبینی، بۆ نمونە لە ٨۰ هەزارەوە تا ۲۰۰ هەزار دیناری عێراقییە.

ک.ک