ژنانی هەڵەبجە بە کۆمەڵ ڕوو لە وەرزش دەکەن

هەموو بەیانییەک کاتژمێر٤:٠٠ی سەر لەبەیانی  ژنان دەستە دەستە  لە شوێنێکی دیاریکراوی هەڵەبجەدا کۆدەبنەوە و بە مەبەستی وەرزشکردن هەنگاو دەنێن بەرەو سەرچاوەی ئاوی چاوگ.


لە ناوەندی شاری هەڵەبجەدا ژنان بەیانیان زوو  لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە بۆ وەرزشکردن، بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنیوز بەیانییەک لەگەڵ ئەو ژنانەدا بوو، کە وەک دەردەکەوت زۆرینەیان بە ئامانجی باشکردنی تەندروستییان بەشداریی دەکەن.

ژنەکان دوای کۆبوونەوەیان لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیان، پێکەوە بەرەو سەرچاوەی ئاوی چاوگ بەڕێدەکەون، نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبڕن ئینجا دەگەنە سەرچاوەی ئاوەکە و لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن، پاشان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لە کاتی پشووەکەیاندا بە دەرفەتمان زانی چەند ژنێکیان بدوێنین تا زیاتر باس لە وەزشەکەیان و ئامانجەکانیان بکەن.

یەکێک لە بەشداربوان بە ناوی گوڵاڵە جەمیل، کە  ماوەی ٤ ساڵە  وەرزشی پیادەڕەویی ئەنجام دەدات، وتی: هەمووڕۆژێك دوای بانگی بەیانی لەماڵ بەڕێدەكەوین بەپیادەڕەویی و ڕاكردن دەڕۆینە سەر ئاوی چاوگ، لەو سەریشەوە بەڕاكردن دێینەوە بەرەو ماڵەکانمان.

ژمارەی ژنانی بەشداربوو لە وەرزشەكەدا جێگیر نییە، چونکە بەپێی دەرفەت بەشدار دەبن، هەیانە هەموو ڕۆژێک و هەشیانە هەندێک ڕۆژ بەشدار نابێت، بەگشتییش نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ بەشداریی دەکەن.

تارا عەلی، بەشداربوویەکی دیکەیە و ماوەی سێ ساڵە بەردەوام پیادەڕەویی دەکات، تارا ئەوکاتەی دەستی بە وەرزش کرد، کێشی ٩٨ کیلۆبوو، ئێستا ٧٤ کیلۆیە، لەگەڵ وەرزشەکەدا سیستمێکی خواردنی گونجاویشی بۆ خۆی داناوە.

تارا عەلی، وەک خۆی باسی دەکات، پێشتر چووەتە هۆڵەکانی لەشجوانیی بۆ دابەزاندنی کێشی، بەڵام وەک ئەم وەرزشەی ئێستا دەیکات، سودی پێ نەگەشتووە.

تارا لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە ژەمارەی هەنگاو نان و ڕێژەی سوتانی کالۆری لە جەستەییدا دەبینێت و ئەو بەیانیەش ٦ كیلۆمەتری بەپیادە بڕی و  نزیكەی ٤٢٠ كالۆری چەوریی سووتاند، وە بۆ یەك سەرڕۆشتنیش لەماڵی خۆیەوە بۆسەرچاوەی چاوگ ٥ هەزار و ٣٢٦ هەنگاوی نابوو.

بەشداربووان تەمەنیان جیاوازە و بە ئامانجەکانی دابەزاندنی کێش، باشتربوونی تەندروستیی و چارەسەری نەخۆشییەکانی شەکرە و ڕۆماتیزم بەشداریی دەکەن.

لەم بارەیەوە گێلاس قادر کە نەخۆشێکی لەگەڵدا بوو وتی: ماوەی مانگێکە بەشدارم و نەخۆشێكم لەگەڵدایە، کە نەشتەرگەریی گورچیلەیان بۆ كردووە و بەشدارە لە وەرزشەكەدا، منیش دەبێت بەهەنگاوەکانی ئەو بڕۆم بەڕێگادا، وە سەدا ٢٠ی ئەو ژنانەشی بەشدارن نەخۆشن بۆئەوەی تەندروستییان باش بێت وەرزشەكە دەكەن و زۆر لەچارەسەرە پزیشكیەكان باشترە.

خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکیش ئەوەیە، بەشداربوانی وەرزشەکە هەموو بەیانیەك كەدێنە دەرەوە لەماڵ تادەگەن بە چاوگ چی زبڵی فڕیدراوی سەرڕێگاکەیانە کۆی دەکەنەوە و دواتر دەیكەنە ناو سەتڵی خۆڵەكان بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەكە پیس نەبێت.

چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان لە لایەن بەشێک لە هاوڵاتیانەوە وەرزشی پیادەڕەویی گرنگیی پێدەدرێت و هاوڵاتیان گرنگیی و سودەکانی وەرزشیان لا ڕوون بووەتەوە و کەمتر سەردانی پزیشک دەکەن، وەرزشوانانی هەڵەبجەش داواکارن ڕێکخراوێک هەستێت بەڕێکخستنی وەرزشەکە بۆیان، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستیان بە چوونەدەرەوە لە هەڵەبجە هەبوو، سەرپەرشتییان بکات و ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین بکات، وەک ئەوان باسیان کرد، ئەگەر ڕێکخراوبێت، ئەوا بەشداریی فراوانتر دەبێت و هەردوو ڕەگەزیش بەشداریی دەکەن.

ش.ف