ژنانی وان: تا گۆشەگیریی نەشکێت وڵات ئازادیی نابینێت

لە شاری وان-ی باکوری کوردستان بە ڕێپێوان و ڕاگەیەنراوێک سیاسەتی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ئیدانە کرا و ئاماژە بۆ ئەوە کرا، کە تا گۆشەگیریی سەر ئۆجالان نەشکێت، وڵات ئازادیی بە خۆیەوە نابینێت.


بە ئامانجی ئیدانەکردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، لەبەردەم بینای هەدەپە لە ناوچەی ڕێگەی ئارمووش لە شاری وان، لێدوانێک خوێندرایەوە و دواتر ڕێپێوان ئەنجام درا، کە موازەر ئورهان، هاوسەرۆکی هەدەپەی وان و پەرلەمانتاری هەدەپە و مستەفا ئاڤجی و بەدیعە ئوزگوچ، بەربژێری هاوشارەوانی شاری وان، چالاکوانانی تەڤگەری ژنان و دایکانی ئاشتی و گەلی وان لە چالاکییەکەدا بەشداربوون.

موازەر ئورهان، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕاگەیەنراوی ئامادەبوانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: "ئێمە دەمانەوێت لە وەڵاتێکی ئازاددا بژین، بەڵام ئێمە دەڵێین، کە هزری فاشیزم هەوڵی ئەوە دەدات لەم وەڵاتەدا ڕەوایی بە گۆشەگیریی بدات، ئەو گۆشەگیرییەی کە لەسەر بەڕێز ئۆجالان پەیڕەو دەکرێت وەک گۆشەگیریی سەر هەموو گەلانە، ئەگەر ئەو گۆشەگیرییە نەشکێت ئەوا قەیرانی ئابووری بەردەوام بێت و وڵات هیچکات ڕووی ئاشتی و ئازادی نابینێت."

ئورهان لە لێدوانەکەدا تیشکی خستەسەر چالاکی مانگرتنەکەی هاوسەرۆکی کەجەدە و پارلەمانتاری هەدەپە لەیلا گوڤەن، کە نزیکەی سێ مانگە مانی لە خواردن گرتووە "دەبێت ئێمە هاودەنگیی بەرخۆدانی ناو زیندانەکان بین، لەیلا گوڤەن تەمسیلی ژیانی ئازاد و سەرفەراز دەکات".

دوای خوێندنەوەی ڕاگەیەنراوەکە، ژنان بەربەستی پۆلیسی تورک-یان شکاند و لە شەقامی جومهوریەت هەتا بەردەم بینای هەدەپە ڕێپێوانیان ئەنجامدا.


ک.ک