ژنانی پێشمەرگەی یەكێتی: لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی شەهید دیار تێدەكۆشین

ژنانی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرەخۆشییان لەبنەماڵە و هەڤاڵانی شەهید دیار غەریب كرد و وتیان نابێت ڕێگەبدەین دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان دڵخۆش ببن و ئێمە ئامانج و خەونەكانی شەهید دیار بەدی دەهێنین.


ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی مەراسیمی پرسەی شەهید دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان و توێژەكانی هاوڵاتیان بەشداری پرسەكەیان كرد و سەرەخۆشییان لە كەس و كار و هەڤاڵانی شەهید دیاركرد، ژنانی پێشمەرگەی یەكێتیش بەشداربوون لە مەراسیمی پرسەكەدا و سەرەخۆشییان لە كەس و كار و هاوڕێ‌ و هەڤاڵانی شەهید دیار كرد.

ژنانی پێشمەرگەی یەكێتی وتیان: ئێمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەس و كار و هەڤاڵانی شەهید دیار دەكەین، هەر پێشمەرگەیەك لەهەرشوێن و پارچەیەكی كوردستان شەهید دەبێت ئێمە بەهی خۆمان و ڕۆڵەی خۆمانی دەزانین، كاتێك كەسێك ناوی پێشمەرگە لەخۆی دەنێت و خەبات دەكات لەپێناو ئاشتی و ئازادی و سەرفرازی كوردستاندا پێمان وایە تەنها بۆ یەك پارچەی كوردستان هەوڵنادات، ئێمە دەزانین ئەو سنورانەی كە دروستكراون بۆ ئێمەی كورد بەزۆر دروستكراون و خەباتی ئێمەش بۆئەوەیە ئەو سنورانە نەهێڵین بەڵام بەداخەوە تائێستاش دەستی دوژمن دەگاتە ڕۆڵەكانی كورد لە هەرشوێنێكی ئەم نیشتمانە.

وتیشیان، بێگومان شەهید دیار یەكەم شەهید نیە ئێمە دەبێت ورەمان بەرزبێت، شەهید دیارەكانمان لەهەموو كوردستاندا زۆرن، هاوڕێ‌ و هاوخەبات و هاوسەنگەری شەهید دیار زۆرن، ئێمە ناهێڵین داگیركەران و ناحەزانی كوردستان دڵخۆش ببن، ئاوات و خەونەكانی شەهید دیار بەدی دەهێنین. 


 
د.ح