ژنانی چالاکوان: مەترسی لەسەر ئازادییەکانی ژیانی تاک هەیە

گفتوگۆیەک بە ناونیشانی" بەکارهێنانی ژیانی تاکەکەسی لە‌ یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا"، بۆ کۆمەڵێک ژنی چالاکوان ئەنجامدرا و تێدا ئاماژە بەوەکرا، کە مەترسی لەسەر ئازادییەکانی ژیانی تاک هەیە و پێویستە یاسای نوێ بۆ پاراستنی ئازادیی تاک دەربکرێت.


ئەمڕۆ، لەهۆڵی سیمینارەکان لەهوتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، گفتوگۆیەک لەلایەن شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسۆنی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، سەبارەت بە بەکارهێنانی ژیانی تاکەکەسی لە یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا، بەڕێوەچوو.

شادی نەوزاد، لەسەرەتای سیمینارەکەدا وتی: دەست بردن بۆ ژیانی هاوڵاتییان زیادی کردووە و بە سیاسەتەوە نەوەستاوە و بەناو هەموو جومگەکانی ژیاندا شۆڕ بووەتەوە، بۆیە پێویستە لەدوای ئەو ڕووداوانە بەرپرسیار بین و هەڵوێستمان هەبێت بۆ ڕاوەستان لەدژی ئەم عەقڵەتییە و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کاری لەسەر بکەین.

ڕازاو ئەحمەد، پارێزەر دەربارەی کارکردنی یاسایی لە سەر کەیسەکانی هەڕەشە کردن قسەی کرد و وتی: یاسامان هەیە بەڵام ئەو یاسایانە لاوازن لە ڕووی پاراستنی مافی هەمووان، بۆیە دروست نییە بۆ هەموو ڕووداوێک یاسایەکی تازە دەربچێت، بە تایبەت بابەتی هەڕەشە لێکردن دەستدرێژییە بۆ سەر مافی مرۆڤ و تاوانە، لە یاسای سزادان عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩،  ئەم بابەتەی بە تاوان ناوبردووە.

هەروەها وتی: بەپێی مادەی ٤٣٠ و ٤٣١ و ٤٣٢،ی یاسای سزادانی عێراق، ئەوکەسەی هەڕەشە لە کەسێکی دیکەدەکات، زیندانی دەکرێت کە زیندانییەکە لەحەوت ساڵ زیندانی زیاتر نەبێت، ئەگەر هەڕەشەکە لەڕێگای نووسێن یان ئیشارەت بێت و یان بە هەر شێوازێکی دیکە بێت، کەسی هەڕەشە لێکراو دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات.

دواتر بەهار مونزیر، چالاکوان قسەی کرد و ڕەخنەی لەهەموو ژنان گرت، که بێدەنگییەکی گشتی هەیە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە ژنان دەکرێت، وتی: پێویستە کاتێک ژنێک تووشی کێشە دەبێت پاڵپشتی بکرێت و پشتی چۆڵ نەکرێت.

لەکۆتاییشدا هەندێک لە ئامادەبووان پێشنیاری دەرکردنی یاسایەکیان کرد بۆ پاراستنی مافی ژنان لە ناو حزبە سیاسییەکاندا، هەروەها داوای هەموار کردنەوەی یاسای خێزانیان کرد.

د.ع