ژنانی باشووری کوردستان لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن دژی پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەپێویستی دەزانن، گەلی کورد بە یەکگرتن ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ببێتەوە، دەشڵێن: ئەوەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات داگیرکاریی و دوژمنکارییە.
دەوڵەتی تورک هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی داگیرکاریی لە ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە، بەتایبەت کە ئێستا هاوکاتە لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ژنانی کوردستانیش پشیتوانیی لە خۆبەڕێوەبەریی و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.
ڤانیسیا ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا، پشتیوانی خۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و دەڵێت: ئێمەی ژنان لە هەر شوێنێک بین کاریگەریمان هەیە لە سەر ئاسایشی ئەو وڵاتە، زۆر هەڵەیە جیهان کورد نابینن، کاتێك شەڕی ئۆکراین ڕوویدا هەموو جیهان پشتگیرییان دەکەن، دەبێت بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ بڵێین؛ نابێت کور بە تەنیا شەڕی داعش و تورکیا بکات، کورد بە تەنیا داکۆکی لە خۆی ناکات، داکۆکی لە دیموکراسیی دەکات بۆ هەموو گەلان، دەبێت ئەمە ببینرێت.

دکتۆرە نیکۆلا ئەشرەف، مامۆستای زانکۆ لە بارەی پشتیوانییەکانی گەلی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دژی پەلامار و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژنیوز وتی: پشتیوانیی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دوپات دەکەینەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ جاری دووەمە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە بەر هێرش و لێشاوە داگیرکارییەکانی تورکیا، ئەوەی تورکیا ئەنجامی دەدات لەژێر ناوی ناوچەی ئارام، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و داب و نەریتی نێودەوڵەتیی، بنەماکانی ڕێزی دراوسێتی، بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بریتییە لە تاوانی دوژمنکاریی و داگیرکاریی.

هەروەها نیاز جاف، ئەندامی سۆشیال دیموکرات لە ئەڵمانیا لەبارەی پشتیوانیی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئومێدەکەم هەرکات دوژمنان پیلانی داگیرکارییان دانا، هەموومان پێکەوە پێش ئەوەی ڕووبدات، پشتیوانیی یەکتر بکەین، باشترین کار بکەین بۆ ئەوەی داگیرکەر نەتوانیت جارێکی دیکە داگیرمان بکات.

ب.ل