ژنانی کەرکوک داوای ڕاگرتنی کوشتنی ژنان دەکەن

لە شاری کەرکوک، دژی کوشتنی ژنان داوای هەڵوێست دەبڕین و کۆتاییهێنان بە ژن کوشتن دەکرێت.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە شاری کەرکوک دژی کوشتنی ژنان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

دلڤان ئەکرەم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکە، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: "لەسەرەتای ساڵی ۲۰۲۰ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە ژنان خۆیان کوشتووە یان خۆیان سوتاندوە، کە دواترینیان ڕۆژی یەکشەمەی هەفتەی ڕابردوو له گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە کە تەمەنی لە نێوان ٤۰ بۆ ٤٥ ساڵ دا بوو، بەهۆی ئەوەی کە هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە نەتوانراوە بناسرێتەوە، هەروەها لە ڕانیە دوو ژن و لە چەمچەماڵیش ژنێک خۆیان کوشتووە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: "ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان - ڕژاک لە بەرامبەر خۆکوشتن و خۆسووتاندنی بێدەنگ نابین و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و چالاکی و وشیارکردنەوە و ڕێکخستنکردنی ژنان تا ئەوەی بۆ مافی خۆیان تێکۆشان بکەن، وە داوا لە پەرلەمانتاران دەکەین هاوشانی ڕێکخراوەکانی ژنان بەشداری لە تێکۆشان بکەن بەرامبەر بە خۆستاندن و خۆکوشتنی ژنان".

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتبوو "ئەو ژنەی کە لە شارەکەمان ناسنامەی نادیارە و کوژراوە، بەڵام وەک ژن ناسنامەی دیارە، بۆیە دەبێت یاسا و پۆلیس پێش کوشتنی ژنان بەرپرسیارێتی بگرنە دەست نەک دوای کوشتنی ژنان سەرپەرشتی کەیسەکە بکەن".

ک.س