ژنانی گەنج: بۆ گەیشتن بە ئازادیی بێدەنگ مەبن

ژنانی گەنجی تێکۆشەر، جەختدەکەنەوە، کە پێویستە ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و گەیشتن بە ئازادیی، سەرهەڵبدەن و بێدەنگ نەبن.


٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، لەو بارەیەوە ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شارۆچكەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی ژنانی گەنجی تێکۆشەردا هاتووە:"مانگی نۆڤەمبەر خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتیی، مانگێکە کە تێکۆشانی ژنان دیسان دەگاتە ئاستێکی بەرز و خۆی دەنوێنێت، تێکۆشانێکی هەزاران ساڵەیە کە هیچ كات ڕانەوەستاوە و ڕاناوەستێت و قۆناغ بە قۆناغ ژنان ئەم بەرخۆدانیەیان ڕادەستی یەکترکردووە، بەڵام وازیان لێنەهێناوە، لەژێر ناوی سیحر و جادودا سوتێنراون، بەناوی ناموس کوژراون و بەردباران کراون، بەناوی پاراستنەوە بەندی چواردیوار کراون و لە بوونیان لە هەموو گۆڕەپانە کۆمەڵایەتیەکان بێبەشکراون، ژنان بە پێچەوانەی ئەم ئەقڵیەتە ئاگری جەستەی خۆیان کردە ڕووناکی بۆ داهاتوویان، هەموو بەردەکانیان کردە دیواری قەڵغان بۆ خۆپاراستن و ماڵەکانیان کردە ئاکادیمیا بۆ پەروەردە و پێشخستنی فکر و ئیرادە، نە گوشاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری توانی ئیرادەی ئازادیی ژنان تێکبشکێنێ، نە دەستدرێژیی و مامەڵە جەستەییەکان لەگەڵ ژنان توانی بەر بە پێشکەوتنی سەرهەڵدێری و بەرخۆدانی ژنان بگرێت".

ژنانی گەنجی تێکۆشەر، دەشڵێن:"٢٥ی نۆڤەمبەر زیندووهێشتنەوەی ئەم تێکۆشانەیە لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنان توانیان درێژە بە تێکۆشانی مێژوویی ژنان لە ئاستی جیهانیدا بدەن، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوە ژنانی وەک پێشەنگی کۆمەڵگا داناوە وە هێز و جەوهەریی ژنانی خستووەتە پێشەوە، وە لەپێناو ئازادیی ژناندا تێکۆشانی کردووە، بۆیە پێویستە ژنان بۆ بەرزکردنەوەی فکر و ئیرادەی خۆیان و لەبەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاریی و هاوسەرگیریی پێشوەخت و گەیشتن بە ئازادیی سەرهەڵبدەن و بێدەنگ نەمێنن، بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن بگەیەننە لوتکە".

ش.ف