ژنان بۆ ڕۆژئاوا چالاکی جۆربەجۆر ئەنجام دەدەن

شاندی ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردبوو، ڕایدەگەیەنن بە سەردانێک کارەکانیان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا تەواو نابێت و چالاکی جۆربەجۆر لەو پێناوەدا ئەنجام دەدەن.


هەر یەک لە ژینۆ محەمەد ڕۆژنامەنووس و  بێریڤان سەقز ئەندامی کژار، دەربارەی سەردانەکەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێری خۆیان بۆ ئەو دۆخە و چونیەتی کارکردنیان قسە بۆ ڕۆژنیوز دەکەن.

ژینۆ محەمەد دەڵێت ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەردۆغانە بە هاوبەشی وڵاتانی زلهێز.

ژینۆ دەڵێتبە پێویستیان زانیوە بچینە ڕۆژئاوا و بە ئەوان بڵێین کە تەنیا نیین و باشوریان لەگەڵدایە، دەشڵێت: ئێمە لە ڕۆژئاوا سەردانی چەند شوێنێکمان کرد و دۆخی ئەوێمان بە چاوی خۆمان بینی، ڕاستە لەوێ لە ڕووی ژیانییەوە لە دۆخێکی ناهەمواردان، بەڵام ئەوەی لەوێ هەیە فکر و باوەڕ و ئیرادەیە، وە گرنگترین شت کە لە ڕۆژئاوا هەیە شۆڕشێکە بە ناوی شۆڕشی ژن.

هەروەها وتی: بە گەڕانەوەی ئێمە بۆ باشوری کوردستان کارەکانمان کۆتایی نایەت و ئەرکی ئێمە وەک ژنان لە دوای ئەو سەردانانەمان بەردەوامین لە چالاکی و سەردانی کونسوڵخانەکان دەکەین، وە چەند داوایکمان ئاراستەی کونسوڵخانەکان و لایەنە  پەیوەندیدارەکان کردووە،  بۆنمونە ئەو پەلامارە دڕندانەیەی هەڤاڵ هەڤرین بکرێت بە تاوانی جەنگ، یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانمان کۆکردنەوەی واژۆیە بۆ ڕاوەستاندنی تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو شەڕە، چونکە ئەوەی کە دەوترێت ئاگربەستە دوورە لە ڕاستییەوە و هێرشەکان بەردەوامە، هەروەها زۆر گرنگە لە هەموو ئاستەکانی حکومی و ڕێکخراوەکاندا لە باشورەوە سەردانی ڕۆژئاوا بکرێت.

هەروەها بێریڤان سەقز، باسی لەوە کرد، کە لە سەرەتای چوونیان بۆ ڕۆژئاوا سەردانی گۆڕستانی شەهیدان، کە مەزاری شەهید هەڤرین خەلەف، دایە عەقیدە و شەهید ئامارای لێبووە کردووە، وتیشی: لەگەڵ کۆنگرە ستار کۆبووینەوە و سەردانی ئاوارەکانی سەرێکانیمان کرد، کە بەشێکیان لە خوێندنگایەک دەمانەوە و بە چاوی خۆمان ئەوەمان تێبینی، کرد کە چوار بنەماڵە کە نزیکەی ٢٠ کەس دەبوون لە ژوورێک دەمانەوە، ئەگەر چی یەکێک لەو ژوورانە چوار نەخۆشی تێدابوو، کە دوانیان شێرپەنجەیان بوو!، بە دواندنی ئەوان بۆمان دەرکەوت کە تەنیا داواکارییان دەرمان و جلوبەرگی گەرمە.

بێریڤان، وتیشی: خەڵکی ڕۆژئاوا بە ڕاستی بە ئیرادەن و ئێمە بە بینینی ئەوان دڵمان پڕبوو، بەڵام ئەوان بوون کە دڵنەوایی ئێمەیان دەکرد و دەیانوت بە بۆنەی شەهیدەکانمانەوە سەربەرزین، بۆیە ئێمە دەتوانین چالاکی بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر ناوی هەر سێ ژنە تێکۆشەر و شەهید بکەین.

س.ح